لە شارێکی کوردستان

40 هەزار کەس مەترسیان لەسەرە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەپێی سەرژمێریەکی زانکۆی زاخۆ ٪10ی خەڵکی زاخۆ مەترسی نەخۆشی شەکرەیان لەسەرە.

کۆلیژی پزیشکی زانکۆی زاخۆ، هەڵسان بە هەڵمەتێکی پشکنینی نەخۆشی شەکرە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە شەش گەڕەکی زاخۆ، پشکنین بۆ 537 کەس ئەنجامدرا، دەرکەوت 51 کەس مەترسی نەخۆشی شەکرەیان لەسەرە، 18 کەسیش تووشی شەکرەببوون و ئاگاداری نەبوون.

د.بریسک حەیدەر مامۆستای زانکۆی زاخۆ بە 964 راگەیاند، مەترسیەکی زۆر لەسەر خەڵکی زاخۆ هەیە کە لێی ئاگادارنین، بەپێی هەڵمەت و بەدواداچونی ئێمەبێت، ٪10 هاوڵاتیان مەترسییان لەسەرە واتە نزیکەی 40 هەزار کەس.

وتیشی، راپۆرتەکە پێشکەش بە ئیدارەی زاخۆ و وەزارەتی تەندروستی دەکەین، پێویستە ئاگادارییان بکەین تا بتوانین هەنگاوی جددی بنێین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 40 ساڵ بوو، ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات وەرزش ئەنجامبدەن و خۆیان بەدووربگرن لەخواردنی ناتەندروست.

ئەمە لەکاتێکدایە هەڵمەتەکە تەنیا شەش گەڕەکی سەنتەری شاری زاخۆ گرتبویەوە، جگە لە گوند و کۆمەڵگا و ناحیە و قەزای باتیفا.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران