تیمی 964 لە گۆڕستانی سیکەنە

لە گۆڕستانێک مسوڵمان، مەسیح و جوو پێکەوە بە خاکسپێردراون

964+
ژێوار خدر – راپەڕین

گۆڕستانێک بووەت دوا مەنزڵی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام، مەسیح و جوو، هەر بەناوی ئەو گوندەشەوە ناونراوە کە لێیەوە نزیکە، “سیکەنە”، سیکەنە دەکەوێتە نزیک ناحیەی ژاراوە لە قەزای پشدەر 166 کیلۆمەتر لە باکوری سلێمانی، بە یەکێک لە کۆنترین گۆڕستانەکانی کوردستان دادەنرێت.

ئەو گۆڕستانە، تاوەکو ئێستا بە زەحمەت ژمارەیەک توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەلایەن توێژەر و شوێنەوارناسانەوە لەسەرکراوە، ئەوەش بەهۆی سەختی شوێنەکەی و دووری لە هۆیەکانی گەیاندن و چڕی دانیشتووان، هەروەک هەبوونی ململانێی هێز و نزیکی ناوچەکە لەسەر سنور هەرێمی کوردستان-تورکیا، وایکردووە چوون بۆ ناوچەکە ئاسان نەبێت.

تیمی 964 و دوو کەس لە شوێنەوارناس و گوندنشین سیکەنە، کە ئاشنایەتییان بە مێژووی گۆڕستانەکە هەیە، ملی رێگایان گرتوو لە ئیدارەی راپەرینی سەر بە پارێزگای سلێمانی، نزیکەی دوو کاتژمێر بەپێ لە ژاراوەوە بەناو کانی و سروشتێکی سەوزی بەهارە، رۆشتن و لە شەقام و ئاوەدانی ماڵان دوورکەوتنەوە و گەیشتنە سیکەنە، گۆڕستانەکە تابڵێی فراوانە و دەیان گۆڕی قەبارە و شێوە جیاوازی لەخۆی گرتووە، بەشێک لە گۆڕەکان زۆر بەرزن لە کاتێکدا بەشێکی تریان زۆر بچووکن و لەناو ناخی زەویدان.

کێلی گۆڕەکان چەندین هێما و نیشانەی جیاوازییان لەسەرە، بەشێوەیەک هەر کێلێک و هەریەک لە رووەکانی بە نەخش و هێمای جیاواز نەخشێندراوە، دەستکردنی سەردەمانێکە کە شارستانی چەندین تیر و هۆز و پەیڕەوکار نیشان دەدات، بەپێی بەدواداچوونەکانی لێکۆڵەر و شوێنەوارناس محەمەد عەلی بێت، مێژووی گۆڕەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم.

هێما و نیشانەی سەر کێلەکان، لە خۆر، خاچ، ئەستێرە، شمشێر، چەک پێکهاتوون و بەشێکیان دروشمی و نوسینی ئاینیان لەسەرە، بە قسەی ئەو لێکۆڵەرە بێت، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە، پەیڕەوانی چەند ئاینێکی جیاواز تێیدا ژیاون و مردووەکانیان لەو ناوچە و لە شێوەی مەرقەد و گۆڕی کۆمەڵ بە کۆمەڵ بە خاکسپاردووە.

حەسەن فەقێ، کە هاوشانی پەیامنێری 964 چووەتە ناو گۆڕستانەکە دەڵێت، بە تێپەڕبوونی کات بەشێک لە گۆڕەکان لەناوچوون و نەماون، لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران رژێمی بەعس بەشێک لەو کێلانەی کە لەڕووی هونەرییەوە گرنگی زۆریان پێدراوە و جوانتر بوون بۆ بەغدای گواستونەتەوە، لە یەکێک لە مۆزەخانەکان دانراون، ئەوە جگە لەوەی بەشێکی تر لە گۆڕەکانی بەپێی گۆڕانی کەش و هەوا و هەبوونی ئاژەڵی کێوی کەوتوون یان شکاون.

تاوەکو ئێستاش ئەو گۆڕستانە وەکو شوێنێکی “پیرۆز دەبینرێت” لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، بۆیە ئێستاش ئەو خێزان و کەسانەی دووری رێگەکە و سەلامەتیان ئاسان بۆیان دەستدەدات، تەرمی کەسوکارەکانیان دەبەنەوە ئەوێ و لەوێ بەخاکیاندەسپێرن، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە گۆڕی هاوسەردەم و تازەش لەناو گۆڕستانەکەدا هەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا