کاری سەوزە و میوە فرۆشیان دەکرد

شارەوانی هەولێر دەستی بەسەر 13 ئۆتۆمبێلدا گرت

964+
ئەحمەد مستەفا

تیمەکانی شارەوانی یەک و شارەوانی پێنج لە هەولێر، دەستیان گرت بەسەر 13 ئۆتۆمبێڵی سەوزە و میوە فرۆشتن، کە بەوتەی شارەوانی “بەشێوەیەکی ناشارستانی شەو و رۆژ لە شۆستە و شەقامەکان جێهێڵدراون”.

ئەمڕۆ دووشەممە 15.4.2024، تیمەکانی شارەوانی لە هەولێر ئەو هەڵمەتەیان دەستپێکردوە، وەک خۆیان دەڵێن، “بۆ رێکخستنەوەی شۆستە و شەقامەکانە”.

ئەگەر تاسەی کۆڵانەکان هەراسانی کردووی پەیوەندی بەشارە...

ئەگەر تاسەی کۆڵانەکان هەراسانی کردووی پەیوەندی بەشارەوانی هەولێر بکە

بەوتەی، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بێت بۆ 964، تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەک و شارەوانی پێنج بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی شارەوانی، دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی رێکخستنەوەی شەقامە گشتیەکانی سەنتەری شار و بازاڕی شێخەڵڵا و بازاڕی داون تاون و رێگای سەرەکی کەرکوک.

تیمەکان لەو هەڵمەتەدا، لە رێگای کەرکوک دەستیان بەسەر 13 ئۆتۆمبێڵی (پیک ئاب و دووتەنیدا) گرتووە، کە کاری سەوزە و میوە فرۆشی تێدا کراوە و “بەشێوەیەکی ناشارستانی شەو و رۆژ لە شۆستە و شەقامەکان جێهێڵدراون، بەبێ جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییەکانی شارەوانی هەولێر” بەوهۆکارەش تیمەکان دەڵێن دەستیان بەسەرداگرتوون.

“ئەم هەڵمەتەکەی دەستی پێکراوە، لە تەواوی سنورەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانی هەولێر، سەنتەری شار و شەقامەکانی بازنەی هەولێر و رێگا سەرەکییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانیمان بەردەوامی دەبێت”، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر وای وت.

وێنەی سەردانی تیمەکانی شارەوانی و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلەکان: