سۆراغی 964

هێرشەکەی ئێران کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاری ئێرانی دەبێت؟

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئێران لە رێگای ژمارەیەکی زۆر درۆن و موشەک شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ژمارەیەک لەو درۆن و موشەکانەش بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕین، هاوڵاتیان بە چاوی خۆیان بینی و پاشماوەی بەشێکیشیان لە چەند ناوچەیەکی هەرێم کەوتوون.

ئەو هێرشانە لە کاتێکدابوو کە چەند رۆژێک بەسەر جەژنی رەمەزاندا تیپەڕیوون و ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری ئێرانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستانن.

ئیبراهیم عبدولحەمید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی وت، هێرشەکەی شەوی رابردوو هیچ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار نابێت، چونکە سنوورەکان دانەخراون و کراوەن، تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک گەشتی فڕۆکەخانەکان داخران و درۆنەکانیش تەنیا بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا تێنەپەڕیون.

وتیشی، “بە پێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان فدیباکی زۆرباشیان هەبووە و هیچ کێشەیەکیش رووینەداوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئامارێک یان ژمارەیەکیان لانییە، کە تایبەت بێت بە گەشتیاری ئێرانی، چونکە ئەوان وەک دەستەی گەشتوگوزار، گەشتیارەکان پۆڵێن ناکەن کە چەندیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقی و وڵاتانی ئێران و تورکیاوە هاتوون.

ساڵانە لەگەڵ جەژن و بۆنە تایبەتەکاندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و تەنیا لەسێ مانگی ئەمساڵدا، یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دواین گۆڕانکارییەکانی هێرشەکەی ئەمشەوی ئێران بۆسەر ئی...

دواین گۆڕانکارییەکانی هێرشەکەی ئەمشەوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل