درز و چاڵەکانی زۆرتر بوون
پردی قەرەگۆل تەمەنی 66 ساڵە و هێشتا نۆژەننەکراوەتەوە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
پردی قەرەگۆڵ لە نێوان ناحیەی عەربەت بۆ زەڕایەن، مەترسی داڕوخانی لەسەرە، جگە لە کۆنی پردەکە و هەڵوەشانی قیرەکە هاتوچۆ تێیدا بەردەوامە، ناحیەی زەرایەن خەمڵاندوویەتی نۆژەنکردنەوەی پێویستی بە 100 ملیۆن دینارە.
پردی قەرەگۆل لە ساڵی 1958-ەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دروستکراوە، تەمەنی پردەکە ئێستا 66 ساڵە.
رڕزگار عەلی شۆفێرێکی تاکسییە بۆ 964 وتی،”لە هێڵی شارەزوور بۆ سلێمانی کاردەکەم و رۆژانە بەسەر پردی قەرەگۆل تێدەپەڕین و چەندینجار تووش کێشەی ئۆتۆمبیلەکەمان بووین بەهۆی خراپی پردەکەوە، و شۆفێری ترمان تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە بەهۆی ئەوەی پردەکە رزیوە و قیرەکەی هەڵوەشاوە”.
بەقسەی رزگار عەلی بێت، “ساڵانە هەندێک چاڵوچۆڵی پردەکە چاک دەکەن، مانگێک باشە و دواتر وەک خۆی لێدێتەوە”، ئەو وتی، “پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە و ئەوپردە لە توانایدا نەماوە ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و بارهەڵگرە بەسەریدا بڕوات، ئەگەر چاک نەکرێت رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە”.
پردی قەرەگۆل، پارێزگای سلێمانی – بە ئیدارەی گەرمیان دەبەستێتەوە، دوو دەروازەی نێودەوڵەتی و لاوەکیشی لەسەرە (پەروێزخان و پشتە)، بە ھەزاران ئۆتۆمبێلی بچوک و گەورە لەو رێگایەدا ھاتوچۆ دەکەن.
“کۆتا جار کە پردەکە نۆژەنکراوەتەوە ساڵی 2021 بوو، نوسراومان کردووە بۆ رێگاوبانی سلێمانی و بڕی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەیەکی بنەڕەتی پردەکە دابی بکرێ، کە پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینارە، تائێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە” ئاوارە حەمەشەریف بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن وای بە 964 وت.
ئەوەشی وت، “جگە لەوەش داوایەکی بەپەلەمانکردووە لە سەرەتادا چاڵ و چۆڵی و تاسەکانی سەرپردەکە پڕبکرێتەوە، تا دواتر تەواوی بودجەی نۆژەنکردنەوەکەمان بۆ دابینبکرێ و چاوەرێی هەنگاوی کرداری دەکەین”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا