نرخی جووتێکی پێنج هەزار دۆلارە

کەڵەشێر و مریشکی ئەڵمانی لە سلێمانی نمایش کران

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

ئەمڕۆ شەممە پێشانگای پەلەوەرە دەگمەنەکان لە شاری سلێمانی کرایەوە و تێیدا کەڵەشێر و مریشکی ئۆرشامۆی ئەڵمانی نمایش کرا و نرخی جووتێکی پێنج هەزار دۆلارە.

هەرێم محەمەد، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ـی وت، “لە پێشانگاکەدا 200 کەڵەشێر و مریشکی دەگمەن نمایش کران و زۆرینەی پەلەوەرەکان خۆماڵین”.

باسی لەوەش کرد، پێنج توخم لە پێشانگاکەدا نمایش کراوە، توخمی رەسەنی کوردی و چەند جۆرێکی دیکەی توخم وڵاتانی دیکەی تێدا بووە و “لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستانەوە بەشداریی تێدا کراوە”.

ناوبەناو ئەو جۆرە پێشانگایانە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکرێنەوە و ئارەزوومەندانیان سەردانیان دەکەن و کڕین و فرۆشتنی تێدا دەکەن.

“لە پێشانگاکەدا کەڵەشێر و مریشکی ئۆرشامۆی ئەڵمانی نمایش کراوە، نرخی جوتێکی نزیکەی پێنج هەزار دۆلار دەبێت، لەبەر ئەوەی دەگمەنە جۆرەکەی”، هەرێم محەمەد وای وت.

دەشڵێت، “مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە زیادکردنی ئارەزووی بەخێوکاری باڵندەی جوانییە لای هاوڵاتیان”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

لە بازیان بازاڕێکی فرۆشتنی پەلەوەری کوردی کراوەتەوە

لە بازیان بازاڕێکی فرۆشتنی پەلەوەری کوردی کراوەتەوە