چەمچەماڵ.. لەسەر لەوەڕگای ئاژەڵ کوڕ و باوکێک دەکوژرێن

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و شوێنی لەوەڕگای ئاژەڵ، لە گوندێکی سنووری چەمچەماڵ باوک و کوڕێک دەکوژرێن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی کانونی دووەم، نوری محەمەدی تەمەن 65 ساڵ، لەگەڵ نەجمەدینی کوڕی کە تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، لەسەر لەوەڕگای ئاژەڵان لەگەڵ ئامۆزایەکەیان دەبێتە شەڕیان، بەهۆیەوە هەردووکیان دەکوژرێن.

رووداوەکە بە دیاریکراوی کاتژمێر 3:30 خولەک لە گوندی تیلەکۆی سەر بەناحیەی سەنگاو روویداوە.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە +964ـی وت، تەرمی کوڕ و باوکەکە کاتژمێر 4:20 خولەک گەیەنرانە پزیشکی دادی چەمچەماڵ، بەڵام تا گەیشتن گیانیان لەدەستدابوو، هەروەها ئاسەواری فیشەکیش بەجەستەیانەوە بوو.

ئارام مەعروف، بەڕێوبەری ناحیەی سەنگاو لەسەر رووداوەکە قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: بکوژ ئامۆزایانە، کێشەکەش لەسەر زەویوزار و لەوەڕگای ئاژەڵان بوو.

زیاتر وتی “بەبڕیاری قایمقامیەت و فەرمانی دادوەر، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و فەرمانی گرتنیش بۆ بکوژ دەرچووە، بەڵام  تاکو ئێستا نەتوانراوە دەستگیربکرێت”.

+964 پەیوەندی بە بەڕێوبەری پۆلیسی چەمچەماڵ کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.