"سەردانەکەی سودانی دەرفەتە"
ئەپیکۆر: بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەی هەر هەنگاوێکین
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر” پێی وایە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بەو چەقبەستووییەی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە.
دەشڵێت، ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێک کە بەهۆیەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەستپێ بکاتەوە، کۆمەڵەکە “ئەپیکۆر” لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ 12.4.2024، پابەندیی خۆشی بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
ئەو کۆمەڵەیە وا بیردەکاتەوە، کە کۆبوونەوەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا، وا دەکات هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن و لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە.
25.3.2024 ساڵێکی تەواو تێپەڕی بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەپێی راپۆرتێكی “ئەپیکۆر” لەو ساڵەدا هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان 11 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی وەستانی هەناردە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.