کۆبونەوەی ئەمڕۆی فەرماندەی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا. وێنە:رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرنۆتی ئیسرائیلی.
ئەمریکا پاڵپشتی خۆی گەیاندە ئیسرائیل
ئاماژەکانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەرکەوتن
964+
فەهمی نەبی
کەمێک لەمەوبەر رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی رایگەیاند، زیاتر لە 50 موشەک لە باشوری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، ئەمە وەک سەرەتای ئەو هێرشە دەبینرێت کە ئێران سەرەتا لەرێگەی هێزەکانی نزیک لەخۆی ئەنجامی دەدات.
هێشتا نەبووەتە کاتژمێرێک فەرماندەیی سەربازی ئیسرائیل نامەی بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل ناردووە و پێی وتوون لە حاڵەتی ئامادەباشی بن بۆ ئەگەری هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران.
هەر ئەمڕۆ مایکل ئێریک کوریلا فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە تەلئەبیب و لەگەڵ جەنڕاڵ هێرزی حەلێڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆبووەتەوە، کوریلا پەیامی پاڵپشتی ئەمریکای گەیاندووە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرنۆتی ئیسرائیلی بێت، فەرماندەیی سەربازی هەردوو وڵات بەخێرایی تاوتوێی هێرشەکانی ئێرانیان کردووە، کە بەنیازە لەنزیکترین کاتدا ئەنجامی بدات.
لەلایەکی دیکە دوو بەرپرسی سەربازی ئەمریکی بە کەناڵی CBS NEWSی ئەمریکیان وتوە، ئێران لەرێگەی 100 درۆن و سەدان موشەکی بالیستی هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.
کەمێک لەمەوبەر رووناکی تەنێک لە ئاسمانی شاری قومی ئێران و دواتریش لە عێراق بینراون، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی سەرچاوەی ئەو رووناکیە نییە.
بارگرژیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەو کاتە تۆخ بوونەوە، کاتێک رۆژی 1.4.2024 لەرێگەی فڕۆکەوە ئیسرائیل بەشی کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردوومان کرد و محەمەد رەزا زاهیدی سەرکردەی باڵای فەیلەقی قودسی ئێرانی کوشت و لەگەڵ ئەودا شەش کاربەدەستی دیکەی سەربازی ئێران هەبوون.