رێژەکەی 5%ـە

ئیدارەی سۆران بەدەست کەمیی رێژەی سەوزاییەوە دەناڵێنێت

964+

پێشەوا محەمەد

هۆشداری لە کەمیی رێژەی سەوزایی ئیدارەی سۆران دەدەرێت و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران هۆکارەکانی کەمیی رێژەی سەوزایی رووندەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی 964 لە فەرمانگەی ژینگەی سۆرانەوە وەریگرتووە، رێژەی سەوزایی لە ئیدارەی سۆران 5%ـە و پێویستی بە رێژەی 20%ـی دیکەیە بۆ گەیشتن بە ستانداردی جیهانی.

هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی راگەیاند، لە رابردوودا لە ئیدارەی سۆران وەک پێویست خزمەتی نەمامەکان نەکراوە، هەروەها کەشوهەواش لەبەرچاو نەگیراوە بۆ چاندنی نەمام و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.

وەک بەڕێوەبەری فەرمانگەکە باسی کرد، ئیدارەی سۆران بەردەوام لە فراوانبووندایە و بۆ دروستکردنی خانوو سەوزایی لەناودەبرێت، بڕینەوەی داریشی بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمیی سەوزایی لە سنوورەکە لە قەڵەم دا.

فەرمانگەکە چەند هەڵمەتێکی سەوزایی بەڕێوەبردووە و دواهەمینیان دابەشکردنی نەمام بوو بەسەر ماڵەکانی ناو سەنتەری سۆراندا بێبەرامبەر.

هەژار ماهیر وتیشی، “بۆردوومانکردنی سنوورەکە بە بەردەوامی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی کەمیی رێژەی سەوزایی، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی رێژەیەکی زۆری نەمام و سەوزایی”.

بۆ زیاترکردنی رێژەی سەوزاییش، بەڕێوەبەرەکە بە پێویستی دەزانێت گرنگیی بە روواندنی ئەو نەمامانە بدرێت کە هەمیشە سەوزن و لەگەڵ کەشوهەوای ئیدارەی سۆراندا دەگونجێن.

فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌: له‌ سۆران داربڕین به‌لێشاو ده‌...

فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌: له‌ سۆران داربڕین به‌لێشاو ده‌ستیپێكردووه‌