بایدن پێشتر بەڵێنى دابوو
ئەمریکا دەیەوێت ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی یەکێک لە مادە هۆشبەرەکان بکات
964+
ژوورى هەواڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشنیارێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی کۆت و بەندی سەر مادەی هۆشبەری مەریوانا کەم بکرێتەوە و وەک مادەیەکی ”کەم مەترسی” بناسێندرێت.
ئێستا لە ئەمریکا مەریوانا لە ریزی مادە هۆشبەرە مەترسیدارەکانە و لە ئاستی هێرۆیین حیساب دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێشنیارەکەی وەزارەتی داد سەربگرێت ئەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە دروستکردنی داوو دەرماندا بەکار دەهێندرێت و رێگە دەدرێت بە ئاسانی بگاتە دەست خەڵک.
فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پێشتر رایگەیاندبوو: بەبەڵگەی زانستی سەلمێندراوە کە مەریوانا دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆ چارەسەری ئازاری درێژخایەن و نەخۆشییەکانی کەم خۆراکی و دڵ تێکهەڵهاتن.
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی وڵاتەکەی لە ساڵی 2022 بەڵێنیدا ئەگەر دیموکراتەکان براوە بن، وادەکات ئەو جیاوازییە زۆرە نەمێنێت کە لەنێوان یاسا فیدراڵییەکان و یاسای ویلایەتەکان هەیە سەبارەت بە مەریوانا، بەتایبەتی کە نزیکەی چل ویلایەتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەرچەی یاساییان بۆ بەکارهێنانی مەریوانا دۆزیوەتەوە، بەڵام لە یاسای فیدراڵی ئەمریکادا سزای قورسی لەسەرە.
بایدن چەند جارێک وتوویەتی ”ناکرێت کەسێک دەستگیر بکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی مەریوانای پێبووە یان کێشاویەتی، ژیانی زۆر کەس بەهۆی ئەم هەڵسوکەوتە نابەجێیەوە تێکچووە”.
دەمێکە وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا داوای لە فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان کردووە کە چاو بخشێننەوە بە پۆلێنکردنی مەریوانادا، بەڵام تیمی مادە هۆشبەرەکان نەچوونەتە ژێر باری ئەو داواکارییە.
ماوەی 60 رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەوەی خەڵکی رای خۆیان لەسەر پێشنیارەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا دەرببڕن، دوای ئەوەش دانیشتنێکی کراوە ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەیەوە، خۆ ئەگەر ئەو قۆناغانەی بڕی ئینجا ئامادە دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری.
لەبەرامبەر ئەم پێشنیارەدا لەناو ئەمریکا بەرەیەکی بەرفراوان هەیە کە دژی دەوەستنەوە، بەرەی دووەم دەڵێن وەک چۆن سوودە پزیشکییەکانی مەریوانا لە ناو دەرماندا سەلمێندراوە، بە هەمان شێوە لە رووی پزیشکییەوە سەلمێندراوە مەریوانا زیانی زۆریشی هەیە، وەک لەدەستدانی هۆش و رشانەوەو زیادکردنی لێدانی دڵ و مەترسی گەورە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی ئامێری گەورە، هەروەها توانای درککردن لە مرۆڤدا کەم دەکاتەوە.
ئەم گروپە لە شارەزایان دەڵێن هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی بەکارهێنانی لەدەست دەرنەچێت و بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو گەنجاندا بڵاو نەبێتەوە، بۆیە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی زیاترە وەک لە سوودە پزیشکییەکانی.