راسپاردەیان دەبێت

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە سووتانی لەنگەی هەولێر دەکۆڵێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دوای جەژنی رەمەزان راپۆرتێک لەسەر سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئامادە دەکات و سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەن.

لیژنەیەکی دەستەکە چووەتە بازاڕەکە و بڕیار وایە دوای جەژن سەردانێکی دیکە بکەنەوە و راپۆرتەکە ئامادە بکەن.

مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ 964ـی روونکردەوە، هێشتا راپۆرتەکەیان ئامادە نەکردووە و دوای جەژن دەینووسن.

وتیشی، “لە کۆکردنەوەی زانیاریداین ئێستا، دووکاندارەکان داوایان لێکردووین بەدواداچوونێکی ورد بکەین بۆ هۆکاری چەندبارەبوونەوەی سووتانی بازاڕی لەنگە و ئێمەش ئەو کارە دەکەین”.

رۆژی 8.4.2024 ئاگرێک لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بە هۆیەوە 41 دوکان بەتەواوی سووتان، ئەمەش بەپێی وتەی پارێزگاری هەولێر کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە رایگەیاند.

بەر لە زیاتر لە مانگێکیش بازاڕەکە جارێکی تر ئاگری گرتبوو و 185 دوکان بەوهۆیەوە سووتان و زیانی مادییان بەرکەوت.

“هێشتا وردەکاریی راپۆرتەکەمان دیار نییە، بەڵام سەرجەم هۆکار و وردەکارییەکان دەنووسین و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەین”، مونا یاقوو وای وت.

لەنگەی هەولێر سووتا و سەگە بەڕەڵاکانی دوکان بێهۆش کران

لەنگەی هەولێر سووتا و سەگە بەڕەڵاکانی دوکان بێهۆش کران