"داشکاندنیش کراوە"

لە کەلار بە 1500 ناونیشانی جیاواز پێشانگای کتێب کرایەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ دووشەممە، پێشانگایەکی کتێب لە کەلار دەستیپێکرد و بڕیارە ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بێت، زیاتر لە ھەزار و 500 ناونیشانی کتێبی تێدایە.

پێشانگاکە لە کتێبخانەی گشتیی کەلار بەڕێوەدەچێت، داشکاندنی 30% بۆ کتێبە کوردییەکان و 40% بۆ کتێبە عەرەبیەکان کراوە.

نەوزاد غەریب، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ى وت،”ھەریەک لە دەزگاکانی، تەفسیر، یادگار،فام،ئاستانە، لەگەڵ کتێبی چەند دەزگایەکیتر لە پێشانگاکە بەشدارن، زیاتر لە ھەزار و 500 ناونیشانی جیاوازی کتێب لە پێشانگاکە ھەیە”

ئەو کتێبانەی لە پێشانگاکەدا ھەن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبین، کە لە ھەموو بوارەکانی ئایینی، زانستی، مێژوویی، فەلسەفە و چەندن بوارێکی دیکەن، لەگەڵ چیرۆکی منداڵان بە زمانی ئینگلیزی، نەوزاد غەریب وای وت.

پێشانگاکە ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە کاتژمێر 9ى بەیانی تا 7ى ئێوارە کراوە دەبێت.

لەبارەی ئەوەی بۆچی داشکاندنی کتێبە عەرەبیەکان 10% زیاترە لە کتێبە کوردییەکان، نەوزاد غەریب ئاماژەی بەوەکرد، خوێنەری کتێبە عەرەبییەکان لای خۆمان کەمترە بەراورد بە کتێبە کوردییەکان، بۆیە داشکاندنی زیاتریان کردووە تا ئەوانەی حەزیان لە خوێندنەوەی عەرەبییە بیانکڕن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا