لە کۆرێ روویدا
پارێزگارى هەولێر گیان لەدەستدانى هاوڵاتییەک بە هۆى لافاوەوە رەتدەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
پارێزگارى هەولێر دان بەوەدا دەنێت کە لەکاتى بارانبارینى زۆر لە شارى هەولێر، ئاوێکى زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، رەتیشى دەکاتەوى هاوڵاتییەکەى کۆرێ بەهۆى لافاوەوە گیانى لەدەستدا بێت.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، دواى دروستبوونى لافاوەکەى شەوى رابردوو، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەرجەم ئەو شوێن و شەقامانەی بەسەرکردەوە کە بەهۆی دابارینی 37.5 ملیم باران لە کاتێکی کەمدا دووچاری پەنگخواردنەوەی ئاو و ئاستەنگی هاتووچۆ هاتن.
پارێزگارى هەولێر لەبارەى بارانەکەى شەوى رابردوو وتى،”شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە شاری هەولێر باریوە و لە چەند ناوچەیەکی هەولێر ئاو هەڵساوە، بەڵام هیچ مەترسییەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست نەبووە بەهۆی ئامادەباشی و بەدەمەوەچوونی تیمەکان”.
لەبارەى کەموکوڕییەکانى ئاو و ئاوەڕۆ لە شارى هەولێر و پەنگخواردنەوەى ئاوى بارانەوە، ئومێد خۆشناو باسى لەوەکرد، چەند شوێنێکى هەولێر خاڵى لاوازن و لە کاتى باراندا ئاو پەنگدەخواتەوە و دەبێتە هۆى دروستبوونى ئاستەنگى و زەرەر و زیان، بۆیە پێویستە چارەسەرى “یەکجاى بۆ ئەو کێشەیە ئەنجام بدەین.
رووداوەکەى کۆرێ لە ئەنجامى وەرگەڕانى ئۆتۆمبێل بووە نەک لافاو، کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا ژن و پیاوێکى تێدا بووە و دواى رزگارکردنى هەردوکیان لە نەخۆشخانەى شەقڵاوە بەهۆى سەختى برینەکەیەوە، پیاوەکە گیانى لەدەستداوە” پارێزگارى هەولێر واى وت.