ئێران گوێ بە هێرشەکانی رای گشتی عێراق نادات

+964

هێرۆ مەولودی – هەولێر

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، شەپۆڵێکی ناڕەزایەتی توندی لە شەقامی عێراقی دژ بە ئێران دروستکردووە. باڵوێزی ئێران لە عێراقیش دەڵی: گوێ بەو هێرشانە نادەین.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەشیوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک رۆژ هەبووە 160 هەزاری تێپەڕاندووە.

لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش، پەنجەی ئەوە بۆ ئێران درێژ دەکرێت کە دۆلاری بازاڕی ناوخۆی عێراق لە رێگەی حەواڵەوە دەبات.

ئەمەریکا کە دۆلار بە عێراق دەدات، چەندان مەرجی قورسی لەسەر عێراق داناوە لە پێدانی دۆلار کە یەکێکیان رێگرتنە لە دزەپێکردنی دۆلار بۆ ئێران. بۆ ئەمەش بانکی ناوەندی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە هەر کەسێک کاڵای بازرگانی لە دەرەوە بکڕێت پێویستە لیستی ئەو شتومەکە لەگەڵ خۆیدا بباتە بانک تا دۆلاری پێبدرێت.

گرانبوونی بەهای دۆلار، لەگەڵ خۆیدا هەموو کاڵایەکی ناو بازاڕی عێراقی گرانکرد، بەو پێیەی سەرووی 80٪ـی کاڵای بازاڕی عێراق هاوردە کراوە.

ئەو گرانبوونە، شەپۆڵێکی ناڕەزایەتی و هێرشی لە پێگەکانی سۆشیال میدیا بۆ سەر ئێران لێکەوتەوە، هاوڵاتیانی عێراقی زۆر بە توندی ئێران تۆمەتبار دەکەن.

محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دەڵێ: سەرەڕای  هێرشەکانی رای گشتی بۆ سەر ئیران بەهۆی بەزربونەوەی بەهای دۆلار، ئێران دەست لە پشتیوانی عێراق هەڵناگرێت.