دەیان کێڵگەی پەلەوەر لە کوردستان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

+964

هیڤی دێوالی – دهوک 

 بەرزبوونەوەی نرخی تێچونی بەرهەمهێنانی مریشک و قەدەغەکردنی ناردنی بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق بوونەتە مەترسی لەناوچوونی پڕۆژەکانی پەلەوەر لە دهۆک.

لە دهۆک، 340 پڕۆژەی پەلەوەری هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی 40 ملیۆن مریشکی لە ساڵێکدا هەیە، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە لە ئێستادا تەنیا نزیکەی شەش ملیۆن مریشک بەرهەم دەهێندرێت کە دەکاتە نزیکەی 8٪ـی کۆی توانای بەرهەمهێنان.

گرانبوونی عەلەف، زۆری هاوردەی مریشک بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری قەدەغەی هەناردەکردنی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، سێ لە دیارترین هۆکاری مەترسیدارن بەسەر پڕۆژەکانی پەلەوەر.

ئەمین عەبدولرەحمان، سەرۆكى كۆمەڵەی گاره بۆ بەرهەمهێنانی مریشک   دەڵێ: زۆربەی هاوڵاتیانی دهۆک مریشکی بازرگانی هاوردەکراو دەکڕن، لەبەر ئەوەی نرخەکەی هەرزانترە لە بەرهەمی ناوخۆ.

سەرۆکی کۆمەڵەکە قسەی بۆ  964+ کردووە وتی “هۆکارێکی دیکەی سست بوونی پڕۆژە پەلەوەرییەکان دەگەڕێتەوە بۆ خراپی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، کە سەری کێشا بۆ قەدەغەکردنی مریشکی بەرهەمی ناو کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە و تێچووش زیاتر ببێت”. 

بە پێی زانیارییەکانی 964+، 60٪ـی پڕۆژە پەلەوەرییەکانی دهۆک بەرەو لەناوچوون بچن، خاوەنەکانیشیان سەدان ملیۆن دینار زیان بکەن.

نیوار مستەفا، خاوەن پڕۆژەیەکی پەلەوەرە لە دهۆک بە 964+ـی وت: لە 15 رۆژی رابردووی ئەمساڵدا هیچ مریشکێکم نەهێناوتە ناو کێڵگەکەم، ئەمەش لەبەر گرانبوونی شتەکان بە گشتی و بەتایبەت عەلەف کە نرخەکەی بۆ دووهێندە بەراورد بە پارساڵ گران بووە”.

+964 پێشتر بەدواداچوونی لەسەر گرانبوونی نرخی عەلەف کردووە، دەزانێت بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخەکەی بۆ دووهێندە گران بووە.

تۆنێک عەلەف پارساڵ لەنێوان 250 بۆ 300 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ لەنێوان 600 بۆ 700 هەزار دینارە بەگوێرەی کوالێتی جۆری عەلەفەکە.