بە ناونووسین بەردەکەوێت
مەعاش بازاڕی برمە و کولیچەی رواندزی گەرم کردووە
964+
ئاکام غەفور – رواندز
چێژ و تامی کولیچە و برمەی رواندز ناوبانگێکی زۆری هەیە و خواستی زۆر لەسەرە، بە تایبەتی بۆ چەژن.
بازاڕی برمە و کولیچە خۆماڵییەکە گەرمە، بە تایبەتیش کولیچەی بە خورما و خەڵک زیاتر داواکاری لەسەر هەیە، بەشی زۆری ئەوانەشی داوای دەکەن خەڵکی هەولێر و رواندزن.
هاتنی جەژن و موچە بازاڕەکەی گەرمتر کردووە، بە جۆرێک خەڵکێکی زۆر داوای دەکەن، ئەوەی تا ئێستا نۆرەی نەگرتبێت تازە بەریناکەوێت، ئەوانەشی دروستی دەکەن دەڵێن، هەتا موچە نەهاتبوو خواستی لەسەر نەبوو لە پێنج رۆژی کۆتایی رەمەزاندا زیاتر لە 300 کیلۆ دروست دەکەن.
رابیعە حەمەد، خاوەنی فرۆشگای برمە و کولیچەیە لە رواندز، بە 964ـی وت، “تا موچە نەهاتبوو خواستێکی زۆری لەسەر نەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی موچە هەر فریای وەڵامدانەوەی تەلەفۆن دەکەوین و خەڵکێکی زۆر داوای دەکەن، بەڵام ئێستا ئەوەی ناوی نەنوسیبێت ناتوانین بۆی دروست بکەین و فریاناکەوین”.
وتیشی، خەڵک زیاتر داواکاری لەسەر کولیچەی بە خورما هەیە، لە ماوەی پێنج رۆژدا زیاتر لە 300 کیلۆ کولیچە دروست دەکەن هەمووی داواکراوە و بۆ شارەکانی دەنێرن.
برمە و کولیچەی رواندز لە تەواوی کوردستان ناوبانگی هەیە، باوترین ئەو جۆرانەی دروستی دەکەن، کولیچەی بە گوێزهیندی و کولیچەی بەخورما و برمەی بە فستق و برمەی بە گوێزە، جۆرێکی تریش دروست دەکەن کە بەبێ شەکرە و زیاتر ئەو کەسانە داوای دەکەن، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی