دیزاینی پێشبینیكراوی ئایفۆنە نوێیەكە
كەی ئاشكرا دەكرێت؟
کۆمپانیای ئەپل ئایفۆنێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە
964+
رێبین هۆشیار
ئەپڵ دەیەوێت یەکێک لە مۆدێلەکانی ئایفۆن بە ناوێکی تازە و تایبەتمەندی بەرزتر بخاتە بازارەوە.
ئەپڵ دەیەوێت نوێترین مۆدێڵێ iphone SE لە ژێر ناوی iphone 16E بخاتە بازارەوە. دەنگۆکان باس لەوە دەکەن iphone 16E هەمان دیزاینی iphone 14 دەبێت و قەبارەی روونماکەی (شاشە) 6.1 ئینجی ئۆلید دەبێت، لەسەرەوە روونماکە ناچێک دەبێت بۆ تایبەتمەندی فەیس ئایدی.
ماڵپەڕی first postی هیندی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و بە گوێرەی وردەکاری هەواڵەکە، پێشبینی دەکرێت کە چارەسەرکەرەکەی (چیپ) A18 بێت و پشتگیری لە زیرەکی دەستکردی ئەپڵ بکات، لەگەڵ هەبوونی تاک کامێرایەکی 48MP لە بەشی پشتەوە.
Iphone SE بەوە ناسراوە کە لە رووی ئاست و دیزاینەوە لە ئاستێکی مامناوەندایە بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ئەم مۆدێلەی ئایفۆن دەباتە ئاستێکی بەرزتر.
ئەم هەنگاوەی ئەپڵ بۆ گۆڕانکاریکردن لە ناو و دیزاینی نوێترین نەوەی iphone SE بۆ iphone E16 رەنگە زیاتر لەگەڵ ستراتیژی بەبازاڕکردنی کۆمپانیای ئەپڵ یەکبگرێتەوە و خۆبەدوورگرتن لە ناو و دیزاینێک کە لەگەڵ ناو و دیزاینی ئەو ئایفۆنانە یەکناگريتەوە، کە ساڵانە بڵاویاندەکاتەوە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی، لە وەڵامی پرسیارە باوەكە، كە نرخی ئایفۆنەكە چەندە، پشتی بە بیروڕای شیکەرەوەکان بەستووە، كە پێیان وایە نرخی ئایفۆنەکە لە 499$ دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی بوونی تایبەتمەندیی بەرز لە ئایفۆنەکە شارەزایان بۆ ئەوە دەچن کۆمپانیای ئەپڵ نرخەکەی بکات بە 599$ تا نرخی لە ئایفۆنەکانی تر نزیک بێت و تێکەڵ بە نوێترین مۆدێلەکانی ئایفۆنی بکات.
سەرچاوەكە دەڵێت، دەنگۆکان ئاماژە بەوەدەکەن ئەم مۆدێلەی ئایفۆن لە بەهاری ئەمساڵ لە لایەن ئەپڵەوە ئاشكرا دەكرێت.