حاسڵاتی ئەم نیوەرۆیە

ئیسرائیل بەشێکی سوپاکەی لە غەزە کشاندەوە

964+

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.4.2024 شەش مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر هێڕشی حەماس بۆسەر کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە نزیک ‌غەزە، بەو هۆیەوە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر کەرتی غەزە دەستپێکردو بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەزە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 33 هەزار و 175 کەس و ژمارەی بریندارایش بەرزبووەتەوە بۆ 75 هەزار و 886 کەس.

درەنگانی دوێنێ شەوی رابردوو، ئیسرائیل فرقەی 98ی سوپاکەی لە خان یونس کشاندەوە، ئەمەش دوای چوارمانگ لە شەڕکردن لەو ناوچەیە، رادیۆی ئیسرائیل رایگەیاند، هەرسێ لیواکەی فرقەی 98 کشاونەتەوە و غەزەیان بەجێهێشتووە، بەمجۆرە تەنیا لیوای ناحال لە باکوری شارەکە دەمێنێتەوە.

یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئامادەکاریەکان تەواو کراون بۆ وەڵامدانەوەی هەر سیناریۆیەک کە ئێران بیەوێت گورز لە ئیسرائیل بوەشێنێت، ئەم لێدوانەی گالانت دوای ئەوە هات بارگرژیەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتنە بەرزترین ئاست کاتێک لە هەفتەی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و حەوت بەرپرسی سەربازی ئێرانی کوشت.

ئەم بەیانییە حزبوڵا 40 موشەکی ئاراستەی ناوچەی جەلیل و جۆلانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند بنکەیەکی موشەکیان لە ناوچەی یۆئاڤی جۆلان کردوەتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکان بکرێت.

ڤڵادیمێر مدیڤدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا دەڵێت، ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بووەتە هاوکار و سپۆنسەری نێودەوڵەتی ئەو هێرشەی دوو هەفتە لەمەوبەر کراوەتە سەر هۆڵێکی گەورەی کۆنسێرت لە مۆسکۆ و تیایدا 144 کەس کوژران.