لەبارەى دەستپێکردنەوەى نەوت چى وترا؟

سودانى: بەردەوام دەبین لە خەرجکردنى شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى هەرێم

964+

وریا فەتاح

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبوونەوە و جەختکرایەوە لە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکانى هەولێر و بەغداد و بەردەوامیدان بە خەرجکردنى شایستە داراییەکانى موچەخۆرانى هەرێم کە پێچەوانەى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى نەبێت.

لە دواى کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم و محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد.

لە دەستپێکدا سودانى وێڕاى جەختکردنەوە لە گرنگى کۆبوونەوەکە کە پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغداد پتەوتر دەکات، وتیشى،”بە دڵنیاییەوە ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی خەرجکردنى شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى هەرێم، بە جۆرێک کە بەریەککەوتنی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فيدراڵیدا نەبێت و هاوکار بێت لە زامنکردنی ئەو مووچەیەی کە سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتییە”.

لەبارەى  جێگیرکردن (تەوتین) کردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، سەرۆک وەزیرانى عێراق روونیکردەوە کە هەردوو وەزارەتى دارایى ناوەند و هەرێم، لەبەر رۆشنایى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى رێوشوینى پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران، بەڵام  ئەو ڕێوشوێن و رێکارانە پێویستی بە کات هەیە و تەنانەت دادگای فيدراڵييش جەختی لەسەر گرنگیی کردنەوەی بوار و زەمینەسازی بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی (تەوتین) کردووه‌تەوە.

سودانى وتیشى،” لەبەر رۆشنایيی لیستە فەرمییەکانی فەرمانبەران و سەرجەم وەزارەتەکان و ئەو توێژانەی ناویان هاتووە و لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و فیدراڵه‌وه‌ وردبینیان بۆ کراوە، دەستپێشخەریی خەرجکردنی مووچەکانمان کرد، دواتر لیستەکان رەوانەی وەزارەتی دارایی کران بۆ ئەوەی دەست بە خەرجکردن بکەن، هەر ئەمەش کرا و تەواوی مووچەی هەردوو مانگی شوبات و ئادار خەرج کرا”.

لاى خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتى،”لەوەتەى جەنابى سودانى بووەتە سەرۆک وەزیران لە هەموو روویەکەوە هەوڵى جددى داوە کە خزمەتى هەموو عێراقییەکان بکات بە هەرێمى کوردستانیشەوە”.

لەبارەى دۆسێى نەوتى هەرێمەوە، سەرۆکى هەرێم باسى لەوەکرد، بابەتى نەوتمان باسکرد و وه‌ك پره‌نسیپ هه‌ندێك رێككه‌وتنی باش كراوه‌ و هیوادارین له‌ زووترین كاتدا پرسی نه‌وتیش چاره‌سه‌ر بكرێت.

سەرۆکى دادگاى فیدراڵى: دەبێت ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی...

سەرۆکى دادگاى فیدراڵى: دەبێت ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت