تا دوو مانگی دیکە

بریکارەکانی خۆراک دەتوانن بە کارتی یەکتری پارە بدەن

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بریکارەکانی خۆراک دەتوانن بە کارتی یەکتری پارەکانیان بدەنە بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەشە خۆراکیان بۆ دابەزێندرێت.

بەهۆی نەبوونی کارتی بانکییەوە، تا ئێستا کەمتر 60%ـی ناو سلێمانی و دەوروبەری بەشە خۆراکی مانگی دوویان وەرگرتووە.

کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەتا دوو مانگی تر بۆ ئەوەی دابەشکردنی بەشەخۆراک دوانەکەوێت بریکارەکان دەتوانن بە کارتی یەکتری و لە هەژماری بانکیی یەکێکیانەوە پارەی مانگانەیان بدەنە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی خۆراک”.

وتیشی، “بڕیارەکە هی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە و دەبێت سەرجەم بریکارەکان لە رێگەی هەژماری بانکییەوە حسابەکانیان بدەن”.

لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری سێ هەزار و 246 بریکار هەن و دوو ملیۆن و 74 هەزار و 91 هاوڵاتیش بەشە خۆراک وەردەگرن.

هەر هاوڵاتییەک بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک بڕی هەزار دینار دەداتە بریکار و ئەوانیش 495 دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی خۆراک دەگێڕنەوە.

“ئەو بەشە خۆراکەی ئێستا هی مانگی دووە بە لیستی مانگی سێ، سبەینێ و دووسبەی دابەشکردنی بەشە خۆراکەکە لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگەیەنینە 80%”، کامەران فەتاح وای وت.

سلێمانی پێویستی بە دروستکردنی 18 کۆگایە بۆ هەڵگرتنی بەش...

سلێمانی پێویستی بە دروستکردنی 18 کۆگایە بۆ هەڵگرتنی بەشە خۆراکی مانگانە