حاسڵاتی ئەم بەیانییە
لە نەخۆشخانەی ئەقسا چادر دانرا و بۆ ئاگربەست حەماس دەچێتە قاهیرە
ژووری هەواڵ
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، پێی نایە 183هەمین رۆژی خۆیەوە، وتەبێژی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا بە تۆڕ جەزیرەی وتووە، بەهۆی زۆری ژمارەی شەهید و بریندارەوە، چادریان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە دانا، جگە لە نەبوونی کەرەستە بۆ نەشتەرگەری ئێسک، پێداویستی دەرمان و سووتەمەنییان نەماوە.
لە کاتێکدا رۆژنامەی قودس ئاشکرایکرد، شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بەمزووانە دەچنە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست و هەوڵی ئاشتی، ئۆفیر گندێلمان وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، نەهێشتنی حەماس دەبێتە هۆی فراوانکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، لە کاردانەوەی هێرشی سەر کونسوڵگەرییەکەی، بە دڵنیاییەوە ئەمریکا لە دۆخێکی بەرزی ئامادەیی دایە و خۆی بۆ هێرشی پێشبینیکراوی ئێران ئامادە کردووە، کە رەنگە ئەم هەفتەیە رووبدات و بەرژەوەندی و پێگەی ئیسرائیل یان ئەمریکا لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
ئۆلێح سینهۆپۆڤ، پارێزگاری ناوچەی خارکیڤی ئۆکرانیا، لە ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، روسیا هێرشێکی نوێی بۆ سەر خارکیڤ ئەنجامداوە کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و حەوت کەس برینداربوون.
بە تۆمەتی بە رۆژو نەبوون و لەچ نەکردن، گروپێکی توندڕەو لە فەڕەنسا لەماوەی پێنج رۆژدا، کچێکی 14 ساڵ و کورێکی 15 ساڵیان، لەکاتی گەرانەوە لە قوتابخانە دارکاری و داخ کردووە، کورەکە گیانی لەدەستدا و کچەکەش هێشتا لە نەخۆشخانەیە، پۆلیس بەدوای بکەراندا دەگەڕێ.