هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە ئەمڕۆوە کارەبای پێنجوێن چاکدەکرێتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزای پێنجوێن چاکدەکرێتەوە، سیستمی زیرەک دادەنرێت و پشکی کارەبای باشماخ جیادەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی سوپاسی خەڵکی پێنجوێنی کردووە کە “بە شێوەیەکی مەدەنی” ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
چەند رۆژێکە خەڵکی قەزای پێنجوێن، بەهۆی کەمیی کارەبا، لە شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای کارەبای 24 کاتژمێری و سووتەمەنی دەکەن.
بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە، زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بە دیاریکراوی نوسیویەتی “لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزاکە چاکدەکرێت و بە پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاوڵاتیانی خۆشەویستیش سیستمی زیرەک بۆ زامنکردنی کارەبای هاوڵاتیان دادەنرێت، لەسەر داوای خەڵکی پێنجوێن پشکی کارەبای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە ئەمڕۆوە لە پشکی کارەبای پێنجوێن جیادەکرێتەوە”.
هاوکات، ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاکەی.