هۆکارەکەی چییە؟
ئاوی بەشێک لە ناوچەکانی داودە بووە بە قوڕاو
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەناوچەی داودەی سنووری خورماتوو، ئاوی قوڕاو تێکەڵ بەئاوی (ئاوەسپی) بووە و رەنگی ئاوەکە بە تەواوی گۆڕاووە و بە کەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنان نەماوە.
مەریوان حەسەن دانشتووی گوندی لفتی ئاغا لە ناوچەی داودە بە 964ـی وت، ماوەی هەفتەیەکە سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیان بەکەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنان نایەت چونکە ئاوی قوڕاوی تێکەڵ بووە، داواکارن هەرچی زووە چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکەن، چونکە سەرچاوەی بەشێک لەگوندەکان ئاوی ئاوەسپیە و ئەگەر بەو شێوەیە بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە کەس لەو گوندانە ژیان ناباتە سەر.
وەهاب ئەحمەد بەڕێوبەری ناحیەی زنانە بە 964ـی وت، ئەوان ئاگاداری ئەو حاڵەتە هەن و بۆ یەکەمجارە ئاوی قوڕاو تێکەڵ بەو ئاوە ببێت.
وتیشی، گومانی سەرەکیمان لەسەر ئەو غەسالانەیە کە کاری چەو و لم دەکەن لە سنوورەکە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووە دەچنە سەر ئەو غەسالانە و گەر ئەوان هۆکاری لێڵ بوونی ئاوەکە بن، ئەوا دەستبەجێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سنوورەی کە ئاوی قوڕاو تێکەڵ بەئاوی ئاوەسپی بووە، لەنێوان هەردوو گوندی لفتی ئاغا و گەرمکن و سەرچاوەی بەشێکی گوندەکان لەسەر ئاوی ئاوەسپیە و بەشێکی دیکەی گوندەکان ئاویان لە زنانەوە بۆ دەڕوات یاخود پشتیان بەئاوی بیر بەستووە.
ناوچەی داودە نزیکەی 40 کیلۆ مەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی باکوری قەزای دوزخورماتوو و زیاتر لە 40 گوند لەخۆ دەگرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی