هەر نەوت و غاز نا.. لە دهۆک نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە فڕی
964+
توانا نەقی – هەولێر
بۆ ئەم مانگە چاوەڕێ دەکرێت کرێی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە پارێزگای دهۆک بگاتە 25 هەزار دینار، لیژنەی مۆلیدە ئەهلێکانیش دەڵێ: کێشە بۆ ئەوانیش دروست دەکات.
بەهۆی نەبڕانی کارەباو بڕیاری پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بە مۆلیدەو ئەهلییەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە دهۆک نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ریکۆر بشکێنێت.
ئەو دۆخە لە هەولێرو سلێمانی بەمجۆرە نییە، بەهۆی ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بە مۆلیدەو نیشتمانی نییە.
هەکار هروری، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە 964+ی وت “بۆ ئەم مانگە کرێی یەک ئەمپێری مۆلیدە دەگاتە 25 هەزار دینار، کە یەکەم جارە بۆ ئەمپێرێک کارەبا ئەوەندە وەربگیرێت”.
964+ دەزانێت، مۆلیدەکانی دهۆک رۆژانە 13 بۆ 14 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابین دەکەن
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەشڵیت، لە پارێزگای دهۆک بریار دراوە کە 24 کاتژمێر کارەبا بدرێت بە هاوڵاتییان، بۆیە دوای بڕانی کارەبای نیشتمانی، دەبێت راستەوخۆ مۆلیدەکان ئیش پێبکەن.
لە هەمانکاتدا لە سلێمانی و هەولێر کار بەو بڕیارە ناکرێت، مۆلیدەکان کاتی ئیسراحەتییان هەیە و بۆ چەند کاتژمێرێک هاوڵاتییان بێ کارەبا دەبن.
دەشڵێت، پارەی مۆلیدە بەو زۆرییە کە بۆ هاوڵاتی دێتەوە، کێشەیان بۆ دروست دەکات، چونکە بەشێک لە هاوڵاتییان ئامادە نین ئەو پارەیە بدەن و تانەیان لێدەدەن.
پێدانی کارەبا بەو کاتژمێرە زۆرە لە لایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە، خەرجییەکی زۆری لە رووی دابین کردنی گازو و چاودێریکردن و سیانەکردنەوەی مۆلیدەکان خستوەتە سەرشانیان، هەکار هروری وادەڵێت.