سزای پیسکردنی ناو بازاڕ چییە؟
رۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک لەناو بازاڕی سلێمانی کۆدەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی رۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاک لەناو بازاڕی سلێمانی کۆدەکاتەوە، وتەبێژەکەی دەڵێت، کاتی بۆنەکان خۆڵ و پاشماوە زیاتر دەبێت.
لە رۆژانی ئاساییدا شارەوانییەکە هەزار تۆن خۆڵ لەناو بازاڕ کۆدەکاتەوە، بەڵام لە کاتی بۆنەکاندا رێژەکە بۆ هەزار و 200 تۆن و هەزار و 500 تۆن زیاد دەکات.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە کاتی بۆنەکاندا ناوبازاڕ و شەقامە گشتییەکانی زیاتر پیس دەکرێن و لەوکاتانەدا دوکاندار و هاوڵاتیانشی کەمتر پابەندی پاکڕاگرتنی ناوشارن.
شارەوانییەکە دوێنێ چوارشەممە ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریی داوەتە هاوڵاتیان و دوکاندارەکان، کە پابەندی پاکڕاگرتنی ناوبازاڕ بن و بۆ ئەو مەبەستەش 600 سەلەی خۆڵ و حاویەی لەناو بازاڕ بڵاوکردووەتەوە.
964 پرسیاری ئەوەی لە وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی کرد، ئاخۆ سزای دوکاندار و هاوڵاتیان دەدەن لە کاتی فڕێدانی خۆڵدا بۆ سەر شەقام، لە وەڵامدا وتی، “ئێستا هەڵمەتێکی هۆشیاریمان دەستپێکردووە و نەمانگەیاندووەتە سزا، بەڵام ئەگەر بەردەوام ناوبازاڕ پیس بکرێت رێکاری تر دەگرینەبەر”.
964 لە شارەوانیی سلێمانییەوە دەزانێت، سزای پیسکردنی بەردەم دوکان و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک بۆ سەر شەقام تا نزیکەی 100 هەزار دینار دەبێت.