لەرێگای هەندەران
لەم هەفتەیەدا شارەزوور دوو گەنجى لەدەستدا
964+
بڕوا مەجید_شارەزوور
تەنیا لەم هەفتەیەدا دوو گەنجى شارەزووى لە فەرەنسا و سنورى نێوان ئێران و تورکیا گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کوژراوە و ئەوەى تریش تائێستا هۆکارەکەى دیار نیە.
یەکێک لە گەنجەکان کاروان محەمەدى تەمەن 25 ساڵى قەزاى شارەزوورە، بە وتەى سامان عەبدوڵا کە ئامۆزاى کاروانە، لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە رۆژى 2.4.2024 لە وڵاتى فرنسا کوژراوە.
سامان عەبدوڵا بۆ 964 باسى لەوەکرد، ئامۆزاکەیان شەش ساڵە لە هەندەرانە، سەرەتا لە بەریتانیا بووە و دواتر چووە بۆ فەرەنسا، لەوێش لەگەڵ چەند کەسێک بووە بە دەمەقاڵێى و کوشتویانە.
تائیستا تەرمى ئەو گەنجە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ کوردستان، بە وتەى ئامۆزاکەى دیار نیە کەى تەرمەکەى دەگەڕێتەوە، چونکە پێویستە رێکارە یاساییەکانى بۆ تەواو بکرێت.
هەر لەم هەفتەیەدا، لە سنورى نێوان ئێران و تورکیا تەرمى گەنجێکى دیکەى شارەزوور کە خەڵکى زەڕایەنە دۆزراوەتەوە، بەپێى بەدواداچوونەکانى پەیامنێرى 964، گەنجەکە ویستوویەتى لەو رێگەیەوە کۆچى دەرەوەى وڵات بکات، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو گەنجە کوژراوە یان لەلایەن ئاژەڵەوە پەلامار دراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح