حاسڵاتی ئەم ئێوارەیە

ئیسرائیل کونسوڵگەری ئێرانی کردە ئامانج و سەرکردەیەکی سوپای قودس کوژرا

964+

ژووری هەواڵ

هەواڵی هەرە گەرمی ئەم ئێوارەیە لە دەرودروسێ، هێرشەکەی ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران لە دیمەشق، لە غەزەش ئاگری شەڕ ناوەستێ، فەرموون ئەمە حاسڵاتە:

هەردوو ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانی و سوری بڵاویانکردەوە: لە هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، باڵەخانەیەک کراوە ئامانج کە دەکەوێتە تەنیشت بینای باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و لە باڵەخانەکەدا بەشی کونسوڵگەری سەر بە باڵیۆزخانەی ئێران هەیە.

میدیا ئێرانییەکان رایانگەیاند: لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا محەمەد رەزا زاهیدی کوژراوە کە یەکێکە لە فەرماندە دیارەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بووە.

دەستەی پەخشی ئیسرائلی دەڵێت: سوپا چاودێری باڵەخانەکەی کردووەو چاوەڕێی کردووە تا کونسوڵی ئێران چووەتە دەرەوە، ئینجا محەمەد رەزا زاهیدی کردووەتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: بڕیاری کۆتاییمان داوە دەچینە ناو رەفحەوەو حەماس لەناو دەبەین، بەڵام پێش ئەوە پێویستمان بەوەیە یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار فەلەستینی لە شارەکە ببەینە دەرەوە.

نوسینگەی میدیایی حکومەتی غەزە دەڵێت: سوپای ئیسرائیل بەتەواوی کۆمەڵگای تەندروستی شیفای خاپوور کردووەو زیاتر لە 700 کەسی سیڤیل لە ناو کوژراوو دەستگیرکراوەکاندا هەن.

وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە غەزە دەڵێت: هەوڵی زۆرماندا پێش خاپوورکردنی کۆمەڵگای شیفای تەندروستی بریندارەکان ببەینە دەرەوەو دەربازیان بکەین، بەڵام بێسوود بوو.