ئامادەکاری کراوە

پڕکردنەوەی چاڵوچۆڵی شەقامەکانی سلێمانی دەستپێدەکات


ئەحمەد مستەفا

شارەوانی سلێمانی لە ناوەراستی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستدەکات بە نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی چاڵوچۆڵی رێگا سەرەکی و شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی.

وتەبێژی شارەوانی بە 964ی وت، لە داهاتی خۆیان ئەو کارە ئەنجامدەدەن و دەستیان بە ئامادەکاری کردووە.

شەپۆلە باران بارینەکەی مانگی ئازاری ئەمساڵ، کاریگەری لەسەر زیادبوونی و درستبوونی چاڵوچۆڵی هەبووە، لە ناو شەقام و کۆڵانەکان و رێگا سەرەکییەکانی دەرەوەی شار.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 1.4.2024 بە 964ی وت، لە رۆژی 15.4.2024 دەستدەکەن بە نۆژەنکردنەوەی چاڵوچۆڵییەکان، ئامادەکاری دەستیپێکردووە و هەوڵی تەرخانکردنی بودجە دەدرێت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە و روپێوکردنی سەرجەم ناوچەکان ناو شار و رێگاکانی دەرەوەی شار.

بە قسەی وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بێت، لە رێگەی لیژنەی لاوەکی و تیمەکانی خزمەتگوزاری هەوڵدەدەن لە مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵ کارەکانیان بە کۆتا بهێنن ئەوەشی وت، جگە لە نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک شەقامی ناوبازاڕ، قیری نوێ بۆ ژمارەیەک شەقام رادەکێشرێ تایبەت ژێرپردی مەولەوی.