33 ساڵ لەمەوبەر

ئەو فۆتۆگرافەرەی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کورستانی گەیاندە جیهان

964+

فەهمی نەبی

33 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق بە تانک و فڕۆکە هێرشێکی چڕیان کردە سەر شارەکانی باشوری کوردستان، خەڵک لە هەموو شارەکانەوە کۆڕەوی دەستپێکرد و دواتر ناوی لێنرا کۆڕەوی ملیۆنی، یانیس بەهراکیس فۆتۆگرافەری یۆنانی بە چەند وێنەیەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو کارەساتە ئاگادارکردەوە.

خەڵکی شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەرەو سنورەکانی ئێران و خەڵکی دهۆکیش بەرەو سنوری تورکیا رەویان کرد.

لە رۆژەکانی سەرەتای کۆڕەوەکە چەندین دەزگای راگەیاندن و ئاژانسی جیهانی قەبارەی کارەساتەکەیان گواستەوە، لەناویاندا یانیس بەهراکیس بوو، کە ئەو کاتە بەرپرسی بەشی فۆتۆگرافی ئاژانسی رۆیتەرز بوو لەیۆنان و قوبرس.

هێشتا شەش رۆژ بوو کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کوردستان دەستپێکردبوو، لە سنوری نێوان خاکی هەرێمی کوردستان و تورکیا برسیەتی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیبوو بەدیاریکراوی رۆژی 5.4.1991 خەڵکێکی زۆر بەدوای خواردن دەگەڕان، بەهراکیس بە کامێراکەی وێنەی ئەو چرکەساتەی تۆمار کرد، لە وێنەکە خەڵک دەستیان درێژکردوە بۆ سەمونێک کە لەلایەن بارهەڵگرانی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکەکە هەڵدەدرێت.

بەهراکیس دەڵێت: من ژیانی خۆمم خستە مەترسی بۆ ئەوەی ژیانی ئەوانی دیکە رزگار بکەم، لەو رۆژەدا دەبوو جیهان برسیەتی و ئازاری ئەو خەڵکە ببینێت، وێنەکە بەتەواوی جێگەی خۆی گرت.

یانیس بەهراکیس، لە ساڵی 1960 لە یۆنان لە دایک بووە، روماڵی چەندین روداوی گەورەی کردووە لە جیهاندا، لەنێویاندا مردنی ئیمام خومەینی، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان ساڵی 1991.

بەهراکیس لەساڵی 2016 خەڵاتی پۆلیتزەری بەدەستدەهێناوە لەبەرامبەر رووماڵی شەپۆلی پەنابەرانی خەڵکی عێراق و کوردستان بۆ ئەوروپا، بەجۆرێک وێنەکانی کاریگەری گەورەیان هەبوو لەسەر بڕیاری کردنەوەی سنووری بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕووی پەنابەران لە ساڵی 2015.

لە رۆژی 3ی ئاداری 2019 بەهراکیس بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا.

ئەو فۆتۆگرافەرەی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کورستانی گەیاندە جیهان

زانیاری لەبارەی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کوردستان

بەیانی رۆژی 31.3.1991 حکومەتی بەعس هێرشێکی گەورەی بۆسەر شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، بەشی هەرەزۆری خەڵک بەرەو سنوورەکانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان لە ئێران و تورکیا رەوییان کرد و دواتر وەک “کۆڕەوە ملیۆنییەکە” ناودێرکرا.

بەھۆی کۆڕەوەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 5.4.2023، بڕیاری 688ـی دەرکرد کە بەپێی بڕیارەکە ناوچەی ئارام و دژەفڕین بەسەر حکومەتی بەعس سەپێندرا کە لەناو رای گشتی زیاتر بە ھێڵی 36 ناسراوە، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک لە تورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە ھێزی چەکوشی ئامادە.

ئەو بڕیارە بووە هۆی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەدوایدا لە 19.5.1992 یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و لە 4.7.1992یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا.

ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنیەکە تێپەڕ دەبێت

ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کۆڕەوە ملیۆنیەکە تێپەڕ دەبێت