نزیکە لە کۆتایی

کارەکانی راکێشانی ئاو بۆ گەڕەکی کەنی زەرد دەستیپێکردەوە


ئەحمەد مستەفا

راکێشانی تۆڕی ئاو بە درێژایی نۆ کیلۆمەتر، بۆ گەڕەکی کەنی زەرد لە قەزای سەیدسادق و لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان، بە گوژمەی 407 ملیۆن و 378 هەزار دینار، جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەکە %75ی کارەکانی ئەنجام دراوە، پاش وەستانی بۆ نزیکەی چوار مانگ، کارکردن سەلەنوێ تێیدا دەستیپێکردەوە.

حەمزە محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق بە 964ی وت، درێژیی پڕۆژەکە، نۆ هەزار مەترە و دوای تەواوکردنی سێ هەزار مەتری بەهۆی دابیننەکردنی بودجە بۆی، کارکردن تێیدا راگیرابوو، دواتر لە مانگ یەک سی بەسی پرۆژەکە تەواو کرا و دووبارە کارەکانی راگیرایەوە.

بە قسەی ئەو بێت، پاش ئەو وادەیەش جارێکی دیکە کارکردن لەپرۆژەکەدا دەستیپێکردووەتەوە، و داوایانکردووە لە بانکەوە پارەی نەختینە بۆ پڕۆژەکە دابین بکرێت، کە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکەش نزیکەی هەزار ماڵی گەڕەکی کەنی زەرد ئاوی خواردنەوەیان پێ دەگات.

پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای خۆشکار جێبەجێ دەکرێت و لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی و فەرمانگەی ئاوی سەیدسادق سەرپەرشتی کارەکانی دەکەن.