داعش لە بەربانگدا پەلاماریدابوون

سوپای عێراق لەگەڵ پارشێو ئۆپەڕاسیۆنی لە داقوق دەستپێکرد

+964
سیروان خورشید-دوزخورماتوو

سوپای عێراق بە چڕی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و کێوماڵکردنی سنووری داقوق کرد.

پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە کاتی بەربانگدا چەکدارانی داعش لە چەمی رۆخانەی سەر بە قەزای داقوق پەلاماری رەبایەیەکی سوپای عیراقیان دا و ئەفسەرێک کوژرا و یەکێکی تریش برینداربوو، ئەم بەرەبەیانییە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئۆپەراسیۆنێکیان لە خۆرئاوای داقوق دەستپێکرد،

سەرچاوەیەک لە فەوجی یەکی فیرقەی 44ی پیادی سوپای عێراق بە964ی وت، بە مەبەستی دۆزینەوەی چەکدارانی داعش و پاککردنەوەی ئەو سنوورەی کە هێرشەکەی لێوە کراوە ، دەستیان کردووە بە کێوماڵکردنی ناوچەکە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوون.
وتیشی، لە گەڕان و پشکنینەکانیاندا دەستیان بەسەر دوو مۆڵگە و ژمارەیەک کەرەستەی بەجێماوی چەکدارانی داعشدا گرتووە.

راشیگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکە و پشکنینی ناوچەکە و دەوروبەری بۆ بنبڕکردنی ئەو چەکدارانەی بوونەتە جێی مەترسی بۆ ناوچەکە.

دوێنێ ئێوارە لە کاتی بەربانگدا لە گوندی خاشەی سەر چەمی رۆخانەی داقوق، چەکدارانی داعش بە چەکی قەنناس هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و ئەفسەرێک کوژرا و یەکێکیش بریندار بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

داعش پەلاماری سوپای عێراقی دا

داعش پەلاماری سوپای عێراقی دا