وەشانخانەکە چۆن کار دەکات؟

وەشانخانەی پەیک سێ کتێبی نوێی بڵاوکردەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەشانخانەی پەیک سێ کتێبی نوێی بڵاوکردەوە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بۆ سەرجەم کتێبە وەرگێڕدراوەکان رەزامەندیی نووسەر و دەزگای چاپە سەرەکییەکەی وەردەگرن.

لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنیدا، وەشانخانەکە شەش بەرهەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

ژیوار جەوهەر، بەڕێوەبەری وەشانخانەکە بە 964ـی راگەیاند، لە پەیک بۆ هەر کتێبێک پێشتر مافی بڵاوکردنەوەی بە کوردی لە دەزگای خاوەن مافی کتێبەکە یان خوودی نووسەرەکە وەردەگرن و دواتر کتێبەکە وەردەگێڕدرێت و کارە هونەرییەکانی دیکەی دەکرێت.

وتیشی، “سەرچاوەی داهاتی وەشانخانەکە لە بەشی کتێبخانەی پەیکەوە دابین دەکرێت، کە بۆ ماوەی شەش ساڵ زیاترە چاپی ئۆریجناڵی کتێبە ناودارەکانی دونیا بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و عەرەبی بۆ خوێنەرانی کوردستان و عێراق دابین دەکات”.

وەشانخانەکە گرنگی بە ئەدەبیاتی وەرگێڕدراو دەدات و دوای وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بە زمانی کوردی، کتێبەکە لە پێگە و ماڵپەڕی خاوەن مافدا بە زمانی کوردی ئاماژەی پێدەکرێت.

“تەواوی کتێبەکانمان ژمارەی ستانداردی جیهانی بۆ کتێب ISBNـیان بۆ وەردەگیرێت. بەو جۆرە پەیک بووەتە جێگەی باوەڕی دەزگا گەورەکان بۆ بەرهەمە بڵاونەکراوەکانیان، پەیک هەڵدەبژێرن تا کتێبەکانیان بە زمانی کوردی بەردەست بێت و ئامادەن پێشوەختە ناوەڕۆکی کتێبە چاپنەکراوەکان بنێرن بۆمان”، ئەوەش قسەی ژیوار جەوهەرە.

کتێبە چاپکراوەکانی وەشانخانەی پەیک:

*”شاری هەڵم”، چیرۆکەکانی کارلۆس رویز زافۆن بە کوردی. وەرگێڕانی لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر.

*رۆمانی “زستان لە سۆکچۆ” لە نووسینی ئێلیزا شووا دووساپەن. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەڵاحەدین بایەزیدی.

* رۆمانی “پۆلیسی یادەوەری”ـی نووسەری ناوداری ژاپۆنی یۆکۆ ئۆگاوا. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق.

*کۆمەڵەچیرۆکی “لەناکاو لە دەرگا دەدرێت”ـی نووسەری بەناوبانگی ئیسڕائیلی ئێتگار کێرێتی. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ژیوار جەوهەر.

*رۆمانی “رۆحە خۆڵەمێشییەکان”ـی نووسەری ناوداری فەڕەنسی فیلیپ کلۆودێل. وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەڵاحەدین بایەزیدی.

*”لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری”، کتێبێکی نووسەر و ئابووریناسی یۆنانی یانیس ڤارۆفاکیس. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت