باران بەشێکی رووخاندبوو

پردەکەی قڵیجە چاک کرایەوە

964+

پێشەوا محەمەد

پردی قڵیجە لە ناحیەی زەڕایەن چاک کرایەوە، بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، پردەکە رۆژی سێشەممەی رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە بەشێکی رووخابوو.

پردەکە رێگای سەرەکیی هاتوچۆی نێوان گوندەکانی قڵیجە، دەق، کانی کوێرە، کانی مرواری، کانی بەردینە، جەرداسنە و بێ سەڵمێنە بوو.

ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964ـی راگەیاند، پردەکە ئاستەنگی هاتوچۆی زۆری دروستکردبوو و شەقامەکە زۆر تەسک بووبووەوە و ئەگەری رووداوی مەترسیدار و نەخوازراوی دروست کردبوو.

وتیشی، “بودجەیەکی زۆرمان نەویست، ئامێرەکانی خۆمان و شارەوانیی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی بەکارهاتن و تەنیا پارەی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانمان خەرج کردووە”.

پێشتریش پردێکی ناو ناحیەی زەڕایەن تەواو کرا کە زیاتر لە 10 ساڵ بوو لە لایەن کۆمپانیایەکەوە بە تەواونەکراوی جێهێڵدرابوو.

ئاوارە حەمەشەریف وتیشی، “دوای تەواوکردنی پردی تووەقوت، کە ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە ئەو پردەی قڵیجەش نوێدەکرێتەوە و فراوان دەکرێت”.

یەکێک لە پردەکانی ناو زەڕایەن چاک دەکرێت

یەکێک لە پردەکانی ناو زەڕایەن چاک دەکرێت