ساتی دانانی چەند ستونێکی کارەبا لە سنووری هەولێر - فۆتۆ: کارەبای هەولێر
لە جەژنەوە کارەبایان پچڕاوە
دوای نزیکەی هەفتەیەک کارەبای باقرت و 53 گوند چاکدەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
دوای نزیکەی هەفتەیەک، کارەبای نیشتمانی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناحیەی باقرت و 53 گوندی نێوان قەراج و مەخموور.
ئەمڕۆ دووشەممە 15.4.2024، کارەبای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی باو بارانی بەهێز لە شەوی جەژنی رەمەزاندا چوار تاوەری 33 كەی ڤی نێوان مەخموور- قەراج كەوتنە خوارەوە، لەو کاتەوە كارەبای ناحیەی باقرت و 53 گوندی ئەو سنوورە بڕاوە و بڕیارە ئەمڕۆ کارەبایان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
بۆ چاککردنی کارەبای ئەو گوند و ناوچانە، 70 ستوونی تۆڕدار و لوولەیی دانراون و بەهۆی ئەوەی رووبەرێکی زۆر زەوی کشتوکاڵی لەو سنوورە هەیە نەبوونی کارەبا کاریگەری لەسەر جوتیاران دروستکردووە.
“لە رۆژانی جەژنیش بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر لەسەر هێل بوو بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی چاكردنەوەی تاوەرەكان و ستوون و تەلی جۆراوجۆر، ئەوەبوو هەر دوای جەژن كە پشوو بوو، تیمەكانی فەرمانگەی كارەبای مەخموور دەستیان بەكارەكان كرد بە دانانی 70 ستوونی تۆڕدار و لوولەیی، بۆ ئەوەی خەڵكەكە زیاتر بێ كارەبا نەبن”، کارەبای هەولێر وا دەڵێت.