لە سلێمانی

نرخی خواردەمەنی لە بازاڕ لەگەڵ لیستی قایمقامیەت هاوتا نییە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

قایمقامیەتی سلێمانی مانگێک پێش رەمەزان لیستێکی بۆ نرخی خواردەمەنی لە وشکەفرۆشانی بازاڕ وەرگرتووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی نیوەی مانگی رەمەزان، وا دەردەکەوێ بەشێک لە خواردەمەنییەکان بە نرخی گرانتر دەفرۆشرێن.

نزیکەی نرخی 100 جۆر خواردن یاداشت کراوە، بەڵام برنج، رۆنی زەیت، دۆشاوت تەماتە، چا، نیسک، خوێ، شەکر، فاسۆلیا و قەیسی خواستی یەکەمی خەڵکن بۆ کڕینیان.

پەیامنێری 964، چەند ماددەیەکی خۆراکی دیاریی کرد، بۆ ئەوەی بزانێت نرخەکان هاوشێوەی نرخەکانی چاودێری بازرگانییە لە لیژنەکانی قایمقامیەت، یان پێچەوانەن، کە ئامانج لە کارەکەیان ئەوە بووە، رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکەن لە رێگەیەوە.

دەرکەوت، بەراورد بە لیستەکەی قایمقامیەت، نرخی رۆنی زەیت، دۆشاو و چا لە ژمارەیەک لە دوکان و مارکێتەکان گرانترە، هەروەک ژمارەیەک لە خواردەمەنییەکانی دیکە بە کەمتر لەو نرخە دەفرۆشرێن.

سلێمانی لە رێگەی 46 لیژنەوە، چاودێریی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل دەکات لە ناوبازاڕ، ئەوەی بەلای ئەوانەوە مەبەست بوو رێگری بوو لە زیادکردنی نرخ، هەروەک لەسەر ئەو گرانفرۆشییە، سزای بەشێک لە دوکان و مارکێتەکان دراون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا