ده‌سكی تا 7000 دیناره‌

(ئه‌ندرێشه‌)ـى ئه‌مساڵ پێگه‌یشت و كه‌وته‌ بازاڕ

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئێستا كاتى پێگه‌یشتنى گیاى (ئه‌ندرێشه‌)یه‌ له‌ناوچه‌ كوێستانیه‌كان و به‌شێكی خه‌ڵكى به‌یه‌كێك گیایه‌ هه‌ره‌ به‌سووده‌كان داده‌نێن بۆ خواردنى.

ئه‌ندرێشه‌، گیایه‌كی به‌هارییه‌، له‌ ره‌گه‌زى گیایه‌كانى وه‌ك كه‌وه‌ر و كوڕاده‌یه‌، سه‌ره‌تاى هاتنى ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان سه‌وز ده‌بێت و له‌ ناو دارو ده‌وه‌ن و به‌ر سێبه‌ر و شێدار به‌ شێوازی تاڵ تاڵ، له‌ زۆربه‌ی كوێستانه‌كانی كوردستان ئه‌م گیایه‌ هه‌یه.

به‌كاڵى ده‌خورێت، به‌ڵام بۆن و تامێكی تیژى هه‌یه‌.

زیاد هه‌ریرى، له‌ بازاڕه‌كانى ئیداره‌ى سۆرانه‌وه‌ ئه‌ندرێشه‌ى ئه‌مساڵى به‌رچاو كه‌وتبوو و ژماره‌یه‌ك ده‌سكى ئه‌م گیایه‌ى هێنایه‌ بازاڕى هه‌ریر بۆ فرۆشتن.

به‌ 964ـى وت “هه‌موو كه‌سێك ئه‌م گیایه‌ ناخوات و به‌شێكی خه‌ڵكیش هه‌ر نازانن ناوى چییه‌، به‌ڵام به‌شێكیشیان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد دوێنێ بازاڕى باش نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ هه‌موو ده‌سكه‌ ئه‌ندرێشه‌كانى بفرۆشێت، به‌ڵام ده‌ڵێت “ئه‌مڕۆ چونكه‌ لام نه‌مابوو زیاتر له‌ 10 كه‌س داوایان كردووه‌”.

به‌قسه‌ى مام زیاد، له‌ سۆران هه‌ر ده‌سكێكی به‌ چوار هه‌زار ده‌كڕێت و ئه‌ویش له‌ هه‌ریر به‌ پێنج تاوه‌كو حه‌وت هه‌زار دینار ده‌یفرۆشێته‌وه‌.

جگه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى باڵه‌كایه‌تى و برادۆست، له‌ سنووره‌كانى بارزان و پشده‌ریش ئێستا ئه‌م گیایه‌ پێگه‌یشتووه‌ و له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێت.

به‌پێی گه‌ڕانێكی 964 پیكهاته‌ی كیمیاوی و سوودی پزیشكی، ئه‌م گیا به‌هارییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ریِژه‌یه‌كی زۆر گۆگرد، كالسیۆم، مه‌نگه‌نیز و چه‌ند ڤیتامینێكی تری تیایه‌ و چاره‌سه‌رى ره‌قبونى ده‌ماری دڵ، گرفتی ریخۆڵه، سكچوون، خاوێنكردنه‌وه‌ی سپڵ به‌كارده‌هێندرێت و یاره‌مه‌تیده‌ریشه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌نگه‌نه‌فه‌سیان هه‌یه‌.

سلێرک له‌ بنارى قه‌ندیل و باڵه‌كایه‌تى پێگه‌یشت

سلێرک له‌ بنارى قه‌ندیل و باڵه‌كایه‌تى پێگه‌یشت