سۆراغى 964

سه‌ره‌داوى دۆزینه‌وه‌ى گه‌نجه‌كه‌ى خانكێ راست ده‌رنه‌چوو

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌و گه‌نجه‌ى خانكێ، كه‌ ماوه‌ى هه‌شت رۆژه‌ ونبووه‌، تا ئێستا هیچ سه‌ره‌داوێكی ده‌رنه‌كه‌تووه‌، ئێستا گه‌ڕان له‌ ئاوی خانكێ ته‌نیا بۆ ئه‌و گه‌نجه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ یه‌كێك له‌و دوو هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌شه‌، كه‌ له‌ رۆژى لافاوه‌كه‌ى دهۆك دیارنەماون.

زه‌رده‌شت شێخ شامۆ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ، سه‌ره‌داوى دۆزینه‌وه‌ى گه‌نجه‌كه‌ى بۆ 964 ئاشكراكرد، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ى چاكه‌تێكی ره‌نگ سوور بوو، به‌ڵام ده‌ڵێت “كاتێك چاكه‌ته‌كه‌مان بۆ خانه‌واده‌كه‌ى بردووه‌ وتوویانه‌ هی ئه‌و نییه‌”.

گه‌نجه‌كه‌ى خانكێ ناوى (رۆژڤات)، ته‌مه‌ن 16 ساڵه‌ رۆژى 20.3.2024 له‌ماڵ چووه‌ته‌ده‌ر و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی دوایین گرته‌ ڤیدیۆ كه‌ 964 ده‌ستیكه‌وتووه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گه‌نجه‌كه‌ به ‌ته‌نیا لە شه‌قامی گەڕەکێکدا سه‌ره‌و خوار ده‌ڕوات و ده‌ڵێن، بەرەو ئاوى رووبارى خانکێ دەچێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ، وتیشی “ئه‌مڕۆ به‌یانیش به‌ درێژایی شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى و خه‌ڵكی خانكێ و ژماره‌یه‌كی زۆرى خۆبه‌خش به‌ پیاده‌ سنووره‌ ئاوییه‌كانى ناحیه‌كه‌ گه‌ڕاوین، به‌ڵام هیچمان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌”.

هه‌ر ئه‌مڕۆش ئاڕاسته‌ى گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ دوو هاوڵاتییه‌ ونبووه‌كه‌ى لافاوى دهۆك، له‌ ئاوى خانكێ بوو، چونكه‌ ئه‌مڕۆ به‌رگرى شارستانى دهۆك له‌ زارى وته‌بێژه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، توانیویانه‌ ته‌رمى یه‌كێك له‌و دوو هاوڵاتییه‌ له‌ناو چەم و رەزه‌كانی ناوچەی گردی سۆر لە سەنتەری دهۆک بدۆزنه‌وه‌.

ئه‌م دوو هاوڵاتییه‌ى له‌ رۆژى لافاوه‌كه‌ى دهۆك له‌و شاره‌ به‌ئاو داچوون، به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌بن، یه‌كه‌میان ناوى عومه‌ر مه‌حمود و دووه‌میشیان ناوى مه‌حمود موهه‌نده‌ كه‌ ده‌وترێت مام و برازاى یه‌كترین.

شێخ شامۆ، دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن بۆ دۆزینه‌وه‌ى گه‌نجه‌ ونبووەکە و به‌رده‌وام چاوێكیان له‌سه‌ر ئاوى خانكێ ده‌بێت.

بوو بە چوار رۆژ گەنجە ونبووەکەی خانکێ نەدۆزراوەتەوە

بوو بە چوار رۆژ گەنجە ونبووەکەی خانکێ نەدۆزراوەتەوە