"زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت"

حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی راگەیاند و موچەی مانگی شوبات دابەش دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

کەمێک لەمەوەبەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی هات و سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی راگەیاند، یەکێک لەبڕیارەکان ئەوەیە وەزارەتی دارایی راسپێردراوە موچەی مانگی شوبات دابەش بکات و موچەی مانگی سێ ئامادەکاری بۆ کراوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکی ڤیدیۆیی وتی، بۆ مانگەکانی داهاتوو حکومەتی عێراق دەخەینە بەردەم بەرپرسیارەتی دەستوری و ئەخڵاقی.

سەرۆکی حکومەت ئەوەشی وت، “وەزارەتی شارەوانی راسپێردراوە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون دابەشبکات”.

لەبارەی داشکاندنی ئەو قەرزانەی لای هاوڵاتیانە، ئەو بڕیارانە دران: لە کەرتی کارەبا و ئاو و هاتوچۆ و خوێندنی پارالێل داشکاندن بەڕێژەی %20 دەکرێت، هاوکات رێژەی داشکاندن بۆ هاوردەکردنی گۆشت %50 دەکرێت.

هاوکات وەزارەتی شارەوانی بەڕێژەی %20  لەکرێی ئەو کرێچییانە خۆشدەبێت کە لە موڵکی شارەوانین، لێخۆشبوون لە سزای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیاری لێدراوە.

سەرۆکی حکومەت دەڵێت: هیوادارین ئەم قۆناغە دەستپێکی هەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیە بێت کە خراوەتە سەر هەرێم و ئومێدی خواست لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن.

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ سەرۆکی حکومەت لە ئێوارە خوانێک رایگەیاند “لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان چەند بڕیارێک دەدەین” چەندین لێکدانەوەی جیاواز بۆ قسەکانی سەرۆکی حکومەت کران.