لە زەڕایەن

ئەو درەختانەی ئاژەڵ خواردوونی شارەوانی دیسان دەچێنێتەوە

بڕوا مەجید – ناحیەی زەڕایەن

شارەوانی ناحیەی زەڕایەن بۆجاری دووەم نەمام لە سەر رێگای دەروازەی ناحیەکە دەچێنێت و سکاڵا لەسەر ئەو خاوەن ئاژەڵانە تۆماردەکات کە ئاژەڵەکانیان بەرەڵا دەکەن

بورهان مەلا رەشید سەرۆکی شارەوانی زەرایەن بۆ 964 وتی، ” ئێمە لە دووکاتی ساڵدا نەمام دەچێنین کۆتای وەرزی پایز و سەرەتای وەرزی بەهار ، سەرەڕای نەبوونی موچە و سەختی گوزەرانی کارماندانمان بەردەوامین لەدەوامکردن و لەم هەڵمەتەدا 200 نەمامی جۆری سنەوبەر لەسەر رێگای سەرەکی دەروازەی زەڕایەن و باخچەکان دەچێنین”.

وتیشی، “بە شێک لە نەمامەکانی ساڵی پار ئاژەڵ خواردوونی بە تایبەتی ئەو نەمامانەی لە دەرەوەی شار لە بەینی رێگاکان چێندرابوون ، بۆیە دووبارە لە شوێنیان نەمامی نوێ دەچێنین و داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە لە دەورووبەری شار ئاژەڵ بەخێو دەکەن ئاژەڵەکانیان بەرەڵا نەکەن، بەپێچەوانەوە سکاڵایان لە سەرتۆمار دەکەین”.

ناحیەی زەڕایەن سەربەقەزای شارەزوورە و 48 گوند لە سنووری ناحیەکەدا بوونی هەیە، بەپێی ئامارێکی ساڵی 2017 ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە 26 هەزار و 940 کەسە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی