یەکێکیان دەڵێت پێنج دەفتەر زەرەرم کردووە کەچی شەست هەزار دینارم دەدەنێ

دوکاندارەکانی لەنگە بە گاڵتەوە پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن

+964

شیراز عەبدوڵا-هەولێر

دوکاندارەکانی لەنگەی هەولێر بەبریارەکەی پارێزگای هەولێر رازی نین بۆ قەرەبوو کردنەوەیان، دەڵێن بە کەڵکیان نایەت و شوێنی ئەو زیانە زۆرە ناگرێتەوە کە بەر ئەوان کەوتووە.
ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر بڕیارێکی ئەنجومەنی شارەوانی واژۆ کرد بەوەی هەموو ئەو دوکانانەی لە ئاگرەکەی 29ی شوبات زیانیان بەرکەوت لە کرێی ساڵێک و رسوماتی شەش مانگی خۆڵ و خاشاکیان خۆش بوون، بەڵام دوکاندارەکان ئەمەیان بە دڵ نییە.
یەکێک لە دوکاندارەکان قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردو وتی ”پێنج دەفتەر زەرەرم بەرکەوتووە، کەچی بەپێی ئەم بڕیارە شەست هەزار دینار قەرەبووم دەدەنەوە”.
لەو کاتەدا دوکاندارێکی تر هات و دەستی خستە سەر شانی بە گاڵتەوە وتی ”پیرۆزە شەست هەزار دینارت بۆ دەرچوو”.
دوکاندارێکی تریش وتی ”بەرکمان بەتاڵەو ئەوە سوکایەتییە، منەتی ئەو شەست هەزار دینارە هەر وەرناگرین”.