نەخۆشخانەی گشتی خانەقین. وێنە :964
پزیشک و ئەمبۆڵانس و دەرمانی نییە
نەخۆشخانەی خانەقین خۆی دەردەدارە و لە چارە دەگەڕێت
+964
راژان باجەلان – خانەقین
گۆرانییەکی کوردی هەیە دەڵێ ”کەی حەکیم بۆ لای دەردەدار چووە؟” ئەمە رێک بۆ حاڵی ئێستای نەخۆشخانە گەورەکەی خانەقین دەبێت.
ئەوە ئەمساڵ بووە 65 ساڵ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین کراوەتەوە، کەچی ئێستاشی لەگەڵبێت یەک دنیا نوقسانی هەیە، خەڵکی شارەکە نەخۆشیەکەیان کەمێک ئاڵۆزبێت ئەبێ زوو خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانەی یەکێک لەشارەکانی ئەو دەوروبەرە، یان دوور بڕۆن.
هەر کەسێک پێویستی بە پسپۆڕییەکانی دەروونی و مێشک و دەمارو گورچیلەو میزەڕۆ هەبێ، ئەبێ بە هیوای نەخۆشخانەی خانەقین نەبێ، چونکە دەست ناکەوێت.
وانەبێت لە بوارەکانی تریش حاڵی زۆر باش بێت، لە ئێسک و شکان، سڕکردن، هەناو و دڵ، مێشک و دەمار، قوڕگ و لوت و گوێ، پێست، تیشک و سۆنار، نەشتەرگەری گشتی، پسپۆڕی تەواوی نییە.
دکتۆر شوان شاکر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ی وت ”پسپۆڕییەکانمان کەمەو بەشی هەموو نەخۆشییەکان ناکەن، لەگەڵ ئەوەش کێشەی کەمی دەرمانمان هەیە.
بێ پارەیی بەرۆکی یانەی خانەقین بەرنادات
خانەقین گەورەیەو نەخۆشخانەکە فشاری زۆری لەسەرە، بە پێی ئەو ئامارانەی کە نەخۆشخانەکە بە 964ی داوە،دوێنێ دووشەممە 13.5.2024 بەشی پسپۆڕی هەناو و دڵ لە نەخۆشخانەی خانەقین لە ماوەی یەک رۆژدا (149) نەخۆشی بەڕێکردووە.
کە گوێ لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە ئەگری دەزانی کەموکوڕییەکانیان لە ژماردن نایەت، ئەو نەخۆشخانە گەورەیە کە ساڵی 1959 دامەزراوە، پێنج ئەمبۆڵانسی هەیە، هەر پێنجیان پەکیان کەوتووەو ئیش ناکەن.
خەڵکی خانەقین ئەم نەخۆشخانە دەردەدارە بەکەڵکیان نایەت، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێ نەخۆشی پەنا بۆ سلێمانی و بەغدا دەبەن و دەچنە کلینیکە تایبەتەکان، بۆ هەر یەکەشیان سێ سەعات رێگایە، ناوەوە ناوەش روو لە کەلار دەکەن.