دیمەنی ئەو رووداوەی تێیدا چوار کەس گیانی لەدەستدا. وێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان.
"یەکێک لە باشترین رێگاکانی گەرمیانە"
پێشتر لەسەر رێگای کەلار – کفری رووداوی قوورس روویداوە؟
964+
پێشەوا محەمەد
رێگای نێوان کەلار و کفری رێگایەکی نوێیە، ساڵی رابردوو تەواو کراوە و هاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا دوو رووداوی قوورس تێیدا روویداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024 رووداوی وەرگەڕانی مینی پاسێک لەسەر رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان روویدا و 11 قوتابیی تێدابوو، کە لە گەشتێکی زانستی لە کفرییەوە دەگەڕانەوە کەلار، بەهۆیەوە چوار قوتابی گیانیان لە دەست دا و حەوتی دیکەیان بریندار بوون.
بەپێی وتەی مقەدەم سامان، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان کە قسەی بۆ 964 کردووە، ئەو رێگایە دووسایدە نزیکەی 45 کیلۆمەترە و هەموو هێڵکارییەکی هاتوچۆی لەسەرە و قیرەکەشی نوێیە و هیچ تاسە و چاڵییەکی تێدا نییە.
وتیشی، “رێگاکە لە ساڵی رابردووەوە کە تەواو بووە رووداوێکی تری لەسەر بووە، ئەویش ئۆتۆمبێلێک بوو سێ کەسی تێدابوو و لەسەر رێگاکە شۆفێرەکە خەوی لێکەوتبوو و بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستدا”.
مقەدەم سامان روونیشی کردەوە، ئەو رووداوەی ئەمڕۆش پەیوەندیی بە خراپیی رێگاکەوە نەبووە، “بەڵکو ئۆتۆمبێلێکی جۆری سێنترا دەستی شکاندووەتەوە سەر ئەو مینی پاسە و لە ئەنجامدا ئەوانیش وەرگەڕاون”.