پارێزگای هەولێر بڕیاریدا
تا یەک ساڵی تر 166 دوکانی بازاڕی لەنگە کرێ نادەن
964+
فەهمی نەبی
پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیایدا، یەک ساڵ لێخۆشبوون لە کرێى ساڵانە و 6 مانگ لە رسووماتی خاشاکیان بۆ کرا.
رۆژی 3.6.2024 ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر لەدانیشتنێک پێشنیازی لێخۆشبوونی کرێی یەک ساڵ و شەش مانگ لە رسوماتی خۆڵ و خاشاکی 166 دوکانی سووتاوی بازاڕی لەنگەی بۆ پارێزگای هەولێر نارد و ئەمڕۆ پارێزگا ئەو پێشنیازەی پەسەندکرد.
بڕیارەکە بۆ ئەو دوکانانەیە کە لەبازاڕی لەنگە شەوی 27.2.2024 سووتان و هاوکات پێویستە گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانی هەولێر هەبێت.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، هەموو دوکانەکان گرێبەستی شارەوانیان هەیە و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە.
سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی دوکانەکان، قایمقامی هەولێر دەڵێت، لەسەر ئەرکی حکومەت هەموو دوکانەکان نۆژەندەکرێتەوە و لە پرۆسەی کۆتاییدایە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی پارێزگای هەولێر بڕیارەکە لەمڕۆوە لەلایەن بەشى ژمێریارى و داهات و گرێبەستەکان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.