دەیتەقێننەوە
تاوێرێک مەترسى لەسەر دانیشتووانى گوندێک دروست کردووە
964+
وریا فەتاح
تاشەبەردێک مەترسى لەسەر دانیشتووانى گوندى “هەربۆ” دروست دەکات، قایمقامى مێرگەسووریش دەڵێت، دەیتەقێنینەوە.
بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆیى کە دانیشتویەکى گوندەکە بڵاوى کردووەتەوە، دەردەکەوێت کە تاوێرێک لە چیاى پشت گوندى هەربۆ جوڵاوە و مەترسى داڕمان و کەوتنە خوارەوەى لەسەرە.
964 بۆ بەدواداچوونى بابەتەکە، قسەى لەگەڵ غەفور ئەحمەد، قایمقامى قەزاى مێرگەسوور کرد و وتى، “ئاگادار کراوینەتەوە و دواى ئەوەى رەوشى کەشوهەوا ئاسایى بووەوە لەلایەن لیژنەیەکى شارەزاوە دەتەقێنرێتەوە”.
باسى لەوەش کرد، تاوێرەکە مەترسى لەسەر دانیشتووانى گوندەکە هەیە، بۆیە بە زووترین کات هەوڵى چارەسەرکردنى دەدەن.
گوندى هەربۆ دەکەوێتە دەڤەرى بارزان و لە رووى ئیدارییەوە سەر بە قەزاى مێرگەسوورە، کە 250 ماڵ لە گوندەکەدا ژیان دەکەن.