ئامبوڵانسەکان لە شوێنى هێرشە چەکدارییەکەى نزیک مۆسکۆن
ژمارەى کوژراوان بەرز بووەوە
ئامارى نوێى هێرشە چەکدارییەکەى شەوى رابردووى سەر مۆسکۆ ئاشکرا بوو
964+
وریا فەتاح
دوێنێ شەو بۆ رووسیا شەوێکی رەش بوو، چونکە رووبەڕووى یەکێک لە ترسناکترین هێرشە چەکدارییەکان بووەوە کە خۆیان بە “تیرۆریستى” ناوى دەبەن، بە پێى ئامارە نوێیەکان ژمارەى کوژراوان بۆ لانیکەم 60 کەس بەرزبووەتەوە.
تائـێستا وردەکارییە دروستەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام کۆى گشتى رووداوەکە نیشانى دەدات کە هێرشەکە بەباشى ئامادەکارى بۆ کرابێت و پلان بۆ داڕێژراو بێت.
جگە لە گیانلەدەستدانى 60 کەس، لیستی ئەو بریندارانەی کە تەندروستى ئەو وڵاتە بڵاوى کردووەتەوە، زیاتر لە 140 کەس لەخۆ دەگرێت کە تائێستا ناسنامەى بەشێکیان ئاشکرا نەکراوە و دەوترێت بارى تەندروستى دەیان لە بریندارەکان ناجێگیرە.
هەرزوو، داعش بەرپرسیارێتى هێرشە چەکدارییەکەى شەوى رابردووى رووسیایان لە ئەستۆ گرت، بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو کە پشتڕاستى بکاتەوە کە ئەوان کردەکەیان ئەنجامداوە.
رووداوەکە چى بوو؟
شەوى رابردوو ژمارەیەک چەکدار کە لە سێ تا پێنج کەس پێکهاتبوون، هەڵیانکوتایە سەر هۆڵی شارەوانیی کرۆکوس کە شوێنی ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانە و دەکەوێتە ناوچەی کراسنۆگۆرسک لە رۆژئاواى مۆسکۆ، لەگەڵ گەیشتنى چەکدارەکان دەست بە تەقەى هەڕەمەکى دەکەن و ژمارەیەک خەڵک دەپێکن و شڵەژان و ترس و هاتوهاوار هۆڵەکە دادەپۆشێت.
هۆڵی کۆنسێرتەکە تا حەوت هەزار و 500 کەس لەخۆدەگرێت و کاتێک چەکدارەکان هێرشەکەیان ئەنجامدا هۆڵەکە نزیک بوو لەوەى پڕببێت و هەموویان بۆ بینینى تیپی رۆکی بەناوبانگی پیکنیک، چووبونە هۆڵەکە.