هەشت جارە ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە
کەسێک 1000 بنەدارى باخى جوتیارێکى بڕى
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە گوندى گوندکى قەزاى ئاکرێ، کەسێکى نەناسراو چووەتە ناو رەزو باخى جوتیارێک و 1000 بنەدارى لە جۆرى (ترش و باوى)، بڕیووە و دواتر شوێنەکەى جێهێشتووە.
بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964، لە ماوەى دوو مانگى رابردوودا هەشت رەزو باخى جوتیارانى ئەو گوندە بەم شێوەیە دارەکانى بڕدراونەتەوە و لەنێوبراون.
عەقیب ئیسماعیل کە خاوەنى رەزو باخەکەى گوندى گوندکە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەمڕۆ کە چوومە ناو رەزو باخەکەم، ئەوەى بینیم ژمارەیەکى زۆر لە دارەکانى بڕدرابوونەوە و هیچى لێنەمابووەوە.
رەزو باخى ئەو جوتیارە 500 دار باوى و 500 بنەدار ترشى تێدا بووە و وەک باسى دەکات، هیچیان نەهێشتووەتەوە و هەموویان بڕیووە.
پێشتر جوتیارانى گوندە بێدەنگ بوون لە ئاست بڕینەوەى بنەدارى رەزو باخەکانیان، بەڵام بە وتەى عەقیب ئیسماعیل، ئەمجارە قسە دەکەن و دەبێت کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، چونکە لەماوەى دوو مانگدا ئەوە هەشتەم جارە ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە.
جوتیارانى گوندەکە سکاڵایان تۆمارکردووە و پێیان وایە هەموو رەزو باخەکانیان لەلایەن کەسێکەوە بەم شێوەیە وێران دەکرێت.
لەسەر ئەو کێشەیە، 964 قسەى لەگەڵ فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەرى چاندن لە قەزاى ئاکرێ کرد و وتى،”ئێمە ئاگادارى ئەو بابەتە نەبوون، مادام جوتیارەکان سکاڵایان تۆمار کردووە ئەگەر دادگا داواى لە ئێمە کرد لیژنەیەک دەنێرین بۆ ئەوەى پشکنین بۆ ئەو رەزو باخانە ئەنجام بدەن”.
عیماد زێباری بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، جوتیارەکە سکاڵای تۆمارکردووە و بەفەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و لێکۆلێنەوە دەستیپێکردووە.
گوندی گوندک سەربە قەزای ئاکرێیە و نزیکەی 150 ماڵ تێیدا دەژین و ژمارەى دانیشتوانیان 800 کەسە و خاوەن رەزو باخێکى بەرفراوانن.
پێداچوونەوە وریا فەتاح