10 ساڵە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون تەواو نەکراوە

964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ماوەی 10 ساڵە بڕیار لەسەر دروستکردنی 240 یەکەی نیشتەجێبوون لە چەمچەماڵ دراوە بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی کەمدەرامەت و کرێنشێن، بەڵام هێشتا ته‌واو نه‌كراوه‌.
 رێباز سەید نەسرەت، بەڕێوبەری پلان و ئاماری چەمچەماڵ بە 964+ی وت ” لە ساڵی 2015 فۆڕمی ئەو یەکانه‌ی نیشتەجێبوونمان بەسەر فەرمانبەران و هاوڵاتییاندا دابەشکرد، بە جۆرێک 400 فۆڕم بەسەر هاوڵاتیان و 200 فۆڕم بەسەر فەرمانبەران”.

وتیشی، بڕیار بوو دوای تەواوکردنی یه‌كه‌كان، بەپێی خاڵبەندی تیروپشک بکرێت، بەڵام پرۆژەکە تا ئێستا تەواو نەکراوە، کە زۆر لە بەرژەوەندی کرێنشینان دەبوو، چونکە بە قەرزی درێژخایەنی 25 ساڵ پێیان دەدرا.

رەمەک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە 964+ی راگەیاند، پرۆژەکە تا ئێستا لەلای بەڵێندەرە، بەشێکیان لە 95٪ی تەواو بووە و بەشێکی دیكه‌یان لە 35٪ تەواو کراوە.

964+ دەزانێت، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەت گرێبەستی کردووە، ماوەی 10 ساڵیشە پرۆژەکەی تەواو نەکردووه‌، كه‌ ده‌گوترێت به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌یه‌.

 قائیمقامی چەمچەمال ده‌ڵێت “حکومەت نە سلفە بۆ کۆمپانیاکە دابیندەکات نە خۆی وەریدەگرێتەوە و تەواوی بکات، بۆیە تەواوکردنی پڕۆژەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوەدایە، دەبێت بۆ سوودی هاوڵاتییان تەواوی بکات.

پرۆژەکە لە 20 باڵەخانەی سێ نهۆمی پێکهاتووه‌، هەریەکەیان 12 یەکەی نیشتەجێبون لەخۆدەگرێت، بڕیار بوو 120 یەکەی بۆ هاوڵاتیان و 120 یەکەی دیکەشی بۆ فەرمانبەران بێت، بەڵام سەرەڕای تەواونه‌کردنی پرۆژەکە و جێهێشتنی لەلایەن کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ره‌وه‌، ئێستا بەشێک لە کەلوپەل و پێداویستییه‌كانی پڕۆژەكه‌ش شکێندراون.