لە نۆ رۆژی مانگی رەمەزاندا
لە ناحییەی زەڕایەن یەک سەرپێچی تۆمار کراوە
964+
پێشەوا محەمەد
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی ناحییەی زەڕایەن لە کارکردنی ئەمساڵی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان رازییە، لە مانگی رەمەزاندا تەنیا یەک سەرپێچییان تۆمار کردووە.
ئەحمەد مەحمود، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی ناحییەی زەڕایەن بە 964ـی راگەیاند، بەردەوام لیژنەکانیان لەناو بازاڕ و کۆڵان و شەقامەکان چاودێریی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان دەکەن.
وتیشی، “ئەمساڵ تەواوی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان پابەندی رێنماییەکانن و لە نۆ رۆژی رابردوودا تەنیا یەک مارکێت سزای مادی دراوە هەندێ خۆراکی بەسەرچوو لە مارکێتەکەدا بوو”.
ناحییەکە خاوەنی چوار لیژنەیە و ئەندامیشیان لە لیژنەکانی قایمقامیەتدا هەیە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی ناحییەی زەڕایەن وتیشی، “ساڵانی رابردوو کارگەکانی شیرینی و دوکانی شیرینی فرۆشەکان زۆر پابەند نەدەبوون، بەڵام ئەمساڵ کێشەیان نییە و سەرجەمیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن”.
لیژنەکانی ناحییەی زەڕایەن ژمارە تەلەفۆنەکانیان بڵاوکردووەتەوە و داوایان لە هاوڵاتیان کردووە لە هەرشوێنێک سەرپێچییان بینی ئاگاداریان بکەنەوە.