"لەمەودوا بە مۆری نوێ گۆشت بکڕن"

ڤێتێرنەریی راپەڕین مۆرەکەی گۆڕیوە

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی راپەڕین مۆرەکەی گۆڕیوە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، هاوڵاتیان نابێت لەمەودوا بە مۆری کۆن گۆشت بکڕن.

مۆرە نوێکەی ڤێتێرنەری راپەڕین هەموو رۆژێک بەروارەکەی نوێ دەکرێتەوە، شێوەکەی لاکێشەیە و قەبارەکەی گەورەیە و چوار رۆژە بەو مۆرە نوێیە گۆشت دەخرێتە بازاڕەوە.

سەعدی تەیب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، پێشتر دوو مۆریان هەبووە، لاکێشە و خڕ بوون، بەڵام بەرواریان پێوە نەبووە و قەبارەشیان بچووک بووە.

وتیشی، “ناڵێین پێشتر مۆرەکە ساختە کراوە، بەڵام ئەگەر یەکێک بیویستایە دەیتوانی ئەو کارە بکات، بەڵام ئەم مۆرە نوێیە ساختەکردنی زۆر زەحمەتە و هەموو رۆژێکیش بەروارەکەی نوێ دەکرێتەوە”.

رانییە سەربڕینخانەیەکی مۆدێرنی نییە، بۆیە ئیشوکاری ڤێتێرنەرییەکە زیاتر پشکنینە و سەربڕینیان کەمترە.

“هاوڵاتیان دەبێت ئاگادار بن چیتر بە مۆرە کۆنەکە گۆشت لە گۆشتفرۆشییەکان نەکڕن، بۆ ئەوەی بزانن گۆشتەکەش نوێیە یان کۆن بە بەروارەکەیدا دەتوانن بزانن، چونکە رۆژانە بەرواری ئەو رۆژە لە گۆشت دەدرێت”.

دەشڵێت، مۆرە کۆنەکە بەهۆی بچووکییەوە زۆرجار بەسەر گۆشتەکەوە کاڵ دەبووەوە، بەڵام ئەم مۆرە نوێیە کاڵ نابێتەوە و بەردەوام بە گۆشتەکەوە دەمێنێت.

لە سنوری راپەڕین رێگری لە گواستنەوەی ئاژەڵ دەکرێت

لە سنوری راپەڕین رێگری لە گواستنەوەی ئاژەڵ دەکرێت